هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی هەبووە و بەشێک لە حیزب و کەسایەتییەکانی کوردستان و ناوچە، پێشوازی و پیرۆزبایییان کردووە و هەروەها لە ڕاگەیاندنە جیهانییەکانیشدا بە شێوە جۆراوجۆر ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی هەبووە.
پاش ئەوەی کە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥، پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"یان پێک هێنا، لە ئاستێکی بەرفراواندا لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پیشوازییەکی زۆر گەرمی لێ کرا و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژە لە لایەنە سیاسییەکان داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی دەکەن و پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەش بە هەنگاوێکی گرنگ، کارا و کاریگەر لەسەر بەرەو سەرکەوتنی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەزانن؛ بەم هۆیەشەوە بە شێوەی جۆربەجۆر و بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە و بەگەرمی پێشیوازییان لەم یەکڕیزییەی ئەو حیزبە کوردستانییانە کردووە.
هەروەها کوردانی پارچەکانی تری کوردستانیش تا ڕادەیەک پاڵپشتیی ئەم هەنگاوەیان کردووە و وێڕای پیرۆزبایی و دەربڕینی هەستی خۆشحاڵیی خۆیان، کۆمەڵێک لە حیزب و کەسایەتییەکانی کوردستان و چوارچێوەی جوگرافیای ئێرانیش پێشوازی و پیرزۆبایییان بڵاو کردووەتەوە و هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتیش و بەتایبەت لە ڕاگەیاندنە جیهانییەکاندا دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبووە.
حیزب و کەسایەتییە کوردستانییەکان:
جەم هاوکاری زاگرۆس، سەبارەت بە هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیامێک پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە و لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە: ئەم هاوپەیمانییە هەنگاوێکی گرنگ و بەجێترین جووڵەی سیاسیی هەنووکە مێژوویییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؛ جەم هاوکاری زاگرۆس وێڕای پێداگری لەسەر یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئامادەکاری هاوکاری و ڕاوێژە لەگەڵ ئەم هاوپەیمانییە کوردستانییەیە و دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک (پەیەدە)، پەیامێکی پشتگیری و پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە و لە بەشێکی پەیامەکەدا ڕوو هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هاتووە: ئەم هەنگاوەتان لەم هەلومەرجەدا کە ناوچەکە و جیهان گۆڕانکاریی خێرا بە خۆیانەوە دەبینن، خاوەنی گرنگییەکی مێژوویییە؛ ئەم ڕاگەیاندنە وەرچەرخانێکی سیاسیی زۆر گرنگە لە کاروانی تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
هەروەها پارتی سۆسیالیستی کوردستان (باکوور) سەبارەت بەو هاوپەیمانییە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە و لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە: ئێمە بە دڵخۆشی و جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لە پێشکەوتنە گرنگەکەی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. ئەو هاوپەیمانییە بە هەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی دەزانین و سەردەمێکی نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەکەمان؛ ئەم هەنگاوە مێژوویییە هیوا و باوەڕی سەرکەوتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهێزتر دەکات. ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ خەباتی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەبڕین و پێمان وایە ئەم هەنگاوە دەبێتە نموونەیەک بۆ پارچەکانی تری کوردستان.
هەروەتر شێخ مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی و سیاسیی ڕۆژاوای کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک وێڕای پیرۆزبایی، ڕای گەیاندووە: بێگومان ئەو شتەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا و ئەو ڕێککەوتن و هەڵوێستە جوانە کە پێنج حیزبی کوردستانی هاوپەیانییەکیان پێک هێناوە، هەنگاوێکی زۆر بەنرخ و گرنگە بۆ گەلی کوردستان و بەتایبەت بۆ نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کورستان؛ لە مێژووی نەتەوەکەمان سەلمێندراوە کە ئەگەر ناسەرکەوتوویی و شکەستێک بووە، هۆکارەکەی نایەکگرتوویی و نایەکڕیزییە، بێگومان سەرکەوتنمان لە یەکڕیزی و یەکهەوڵوێستیدایە.
حیزب و لایەنەکانی نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی جوگرافیای ئێران:
بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز، سەبارەت بە هاوپەیمانییەکە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ خەڵکی بەشەرەفی کورد و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دامەزرێنەری ئەم هاوپەیمانییە و هەروەها بە هەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی، نیشانەی پێگەیشتووییی سیاسی، هەست بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی و ئیرادەی هاوبەش بۆ یەکگرتوویی لە ڕێبازی خەبات دژی سەرەڕۆیی و داگیرکاری پێناسە کردووە و ڕای گەیاندووە: ئێمە خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی، ئازادی، دادپەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووس بە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی هاوبەشی هەموو نەتەوە ستەملێکراو و داگیرکراوەکان لە ئێران دەزانین.
هەر لەم بارەیەوە "بەرەی نەتەوەکانی ئێران بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس"، پەیامێکی پیرۆزبایی لەسەر هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و لە بشێکی پەیامەکەدا هاتووە: ئێمە پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە بە نیشانەی پێگەیشتووییی سیاسی و هەستکردن بە بەرپرسیارەتیی نەتەوەیی و تێگەیشتن لە پێویستیی یەکگرتوویی لەو هەلومەرج و بارودۆخە هەستارەی ئێستەدا دەزانین؛ بێگومان یەکڕیزی و هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە پتەوکردنی خەباتی هاوبەشی نەتەوەکان بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس و زیاتر چەسپاندنی پێگەی خەڵکی کوردستان لە هاوکێشەکانی داهاتووی ئێراندا هەیە.
هەر لەم پێوەندییەدا "هاوپەیمانیی سیاسیی هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران"، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، پێکهاتنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە هەنگاوێکی مێژوویی، ستراتێژیک، دیاریکەر و کاریگەر لە ڕێکخراوبوونی هێزە ڕزگاریخوازەکان لە ئێران پێناسە کرد و لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: پێکهاتنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، وڵامێکی هۆشیارانە بە پێویستیی یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و گەشەپێدانی ڕۆڵی دیاریکەری نەتەوەی کورد لە هاوکێشە چارەنووسسازەکانی ئێرانە.
ڕاگەیاندنە جیهانییەکان:
پێکهێنان و ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانییەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دامەزراوە و ناوەند و ئاژانسە هەواڵدەری و ڕاگەیاندنەکانی جیهاندا دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی هەبووە و بە هەنگاوێکی پیویست، ئەرێنی، کارا و گاریگەر هەم بۆ یەکهەڵوێستیی نەتەوەی کورد و هەم ڕوو بە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران باس کراوە.
لەم بارەیەوە "ئورشەلیم پۆست" هەواڵی هاوپەیمانییەکەی بڵاو کردووەتەوە و لە هەواڵەکەدا نووسراوە: ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی هاوکارییە لەنێوانیان هێزە پێکهێنەرەکانیدا کە لەسەر بنەمای ناوەندی دیالۆگی پێشوویان بۆ هاواهەونگی بنیات نراوە؛ هەوڵە یەکگرتووەکانیان لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پەرەسەندن و گەشەسەندندایە.
هەروەتر دامەزراوەی ڕاگەیاندنیی "چاڵش ڕاپۆرت" هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە و لە درێژەی هەواڵەکەدا نووسراوە: پێنج حیزبی گەورەی کوردستانی ئێران - کە زۆربەیان باڵی چەکداریان هەیە - هاوپەیمانییەکی یەکگرتووی نوێیان بە ناوی "هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" ڕاگەیاند و ئامانجەکانی هاوپەیمانییەکەش بریتین لە: ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد و دامەزراندنی چوارچێوەیەکی سیاسیی دێموکراتیک لە کوردستانی ئێران.
دامەزراوەی ڕاگەیاندنیی "مێدڵ ئیست ٢٤ ((ME24" هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە و لە هەواڵەکەیدا نووسراوە: هاوپەیمانییەکە وەک بەرەیەکی یەکگرتوو پێناسە دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەر چالاکییەکی سەربازی یان سیاسی کە ئێران بکاتە ئامانج، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم حیزبانە توانای سەربازی - چەکدارییان هەیە، وەک بەشێک لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ ئەگەری ڕووخاندنی حکوومەتی ئێران لەقەڵەم دەدرێت.
هەر لەم پێوەندییەدا دامەزراوەی ڕاگەیاندنیی "مێدڵ ئیست مونیتۆر" هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی هاوپەیمانییەکە، بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەیان بڵاو کردووەتەوە و لە هەواڵەکەشدا نووسراوە: پێنج حیزبی کوردستانی ئێران هاوپەیمانییەکی سیاسیی نوێیان ڕاگەیاند کە ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە ڕووخانی سیستەمی حوکمڕانیی ئێران و دیاریکردنی مافی چارەنووسی کوردە.
دامەزراوەی ڕاگەیاندنیی "چین پڵاس" هەواڵی هاوپەیمانییەکەی بڵاو کردووەتەوە و لەگەڵ هەواڵەکەشدا نووسراوە: ئەم هاوپەیمانییە وەک یەکیەتییەک پێناسە دەکرێت کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو حیزبانە هێزی چەکدارییان هەیە، هەر هێرشێک بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەگۆڕێت بۆ هەوڵێک بە مەبەستی ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە.
دامەزراوەی ڕاگەیاندنیی "ئامارگی" لەسەر هاوپەیمانییەکە بەم شێوەیە هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە: ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەشەممە، سەرکردەکانی پێنج حیزبی گەورەی کوردستان کە ئەندامی ناوەندی دیالۆگن، بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕەشنووسی پێشنیارکراو بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک کۆ بوونەوە و هاوپەیمانیی "هێزەکانی کوردستانی ئێران"یان پێک هێنا.
هەروەها دامەزراوەی ڕاگەیاندنیی "نیوڕیجێن" هەواڵەکەی بەم شێوەیە بڵاو کردووەتەوە: پێنج پارتى ئۆپۆزسیۆنى کوردى ڕۆژاواى ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ڕۆژی یەکشەممه پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هاوبەش به ناوى "هاوپەیمانیی هێزه سیاسییەکانی کوردستانى ئێران"یان ڕاگەیاند، هەنگاوێکى بەرچاوە بۆ ئۆپۆزیسیۆنى یەکگرتووى کورد له ئێراندا.