14 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

کتێبی "ڕشتەی مرواری" بە کوردیی ژوورین چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی "ڕشتەی مرواری" بە کوردیی ژوورین چاپ و بڵاو کرایەوە
30 . ڕێبەندان . 2725

کتێبی "ڕشتەی مراوی" له نووسینی مامۆستا عەلائەدین سەجادی، لەلایەن شەهاب خالیدی، هەڵگەڕایەوە بۆ کوردیی ژوورین و چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبی "ڕشتەی مرواری"، کە یەکێک لە پەڕتووکە بەناوبانگ و دیارەکانی مامۆستا عەلائەدین سەجادی، نووسەری ناوداری کوردستانە - بەرگی یەکەمی لە ساڵی ١٩۵٧ ز. ئامادە کراوە - لەلایەن "شەهاب خالیدی"، وەرگێڕی توانای کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵگەڕایەوە بۆ کوردیی ژوورین و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن وەشانخانەی "ئاڤێستا" چاپ و بڵاو کرایەوە.

شەهاب خالیدی لەسەرم بەرهەمە بە "ڕۆژهەڵات نیوز"ی ڕاگەیاند: "ڕشتەی مرواری" یەکێکە لە بەرهەمە بەنرخ و دەوڵەمەندەکانی عەلائەدین سەجادییە و هەموو ئەو گێڕانەوانەی کە لە ناو گەلی کوردستاندا جاڕ بوون و گوێی لێ ببوون، کۆی کردوونەتەوە و بەم شێوەیە ئەدەبیاتی زارەکیی نەتەوەیەکەمانی لە فەوتان ڕزگاری کردووە.

خالیدی وتیشی: لەبەر گرنگیی ئەم بەرهەمە، یەکەمجار بەڕێز عەبدوڵڵا کەسکین، بەرپرسی وەشانخانەی ئاڤێستا پێشنیاری پێ کردم کە ئەم بەرهەمە بکەمە کوردیی ژوورین، منیش ئەم پێشنیارەم پێ باش بوو و قەبووڵم کرد؛ بەڵام بەداخەوە دوای ماوەیەک کە دەستم بە هەڵگەڕانەوەی ئەم بەرهەمە کرد، بارودۆخێکی نەخوازراو بەسەرماندا سەپا (مەبەستم هاژەکبارانی بنکەکانمانە) و نەمتوانی بەردەوام بم. دواتر بڕیارم دا لە باتیی دەستهەڵگرتن لەم هەڵگەڕانەوەیە، لانی کەم گوڵبژێرێک لە گێڕانەوەکانی ئەم پەڕتووکە بکەمە کوردیی ژوورین.

هەروەها بەڕێزیان لەسەر وردەکاریی ئەم بەرهەمەی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پەڕتووکە، هەم بە چاپکراوی و هەمیش وەک پی. دی. ئێف. لە لام هەبوو و هەروەتر لە ماڵپەڕی ڤەژینبووکس (vejin.net)یشدا بڵاو کراوتەوە، مخابن هەندێک جیاوازییان لە بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشەدا هەیە. بۆیە بۆ من قورس بوو کە بزانم ئەوەی کتێبە چاپکراوەکە ڕاستە، یان ئەوەی لە پی. دی. ئێف. و ماڵپەڕەکەدا بوو؛ لە ڕاستیدا ئەمە ژانەسەرێکی کەم نەبوو بۆ کارەکەم. من سوودێکی زۆری لە ماڵپەڕی "وشەدان" (bradost.net) وەرگرت کە لە چەند فەرهەنگێکی دەوڵەمەند و بەهێز پێک هاتووە.

شەهاب لە درێژەی باسەکەیدا وتیشی: بێگومان ئەم هەڵگەڕانەوەیە بێ کەموکۆڕی نییە، بۆیە هیوادارم خوێنەرانی بەڕێز بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ئەم بەرهەمە بکەن و لە هەڵەکان ئاگادارم بکەنەوە. هیوادارم بەم کارە توانیبێتم خزمەتێک بە کتێبخانەی کوردی بکەم.

مامۆستا عەلائەدین سەجادی، مامۆستای زانکۆ، ئەدیب و نووسەری ناسراوی کوردستان، ساڵی ١٩٠٧ ز. لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩۵٩ تاکوو ساڵی ١٩٧٤ لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا مامۆستای ئەدەب و مێژووی ئەدەبی کوردی بووە. ساڵی ١٩٧٢ بووە بە ئەندامی چالاکی کۆڕی زانیاریی کورد و ساڵی ١٩٨٤ لە بەغدا کۆچی دواییی کرد و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی ئەسپەردەی خاک کراوە.

بەرھەمەکانی مامۆستا عەلائەدین بریتین لە:
١- ڕشتەی مرواری.
٢- مێژووی ئەدەبی کوردی.
٣- دەقەکانی ئەدەبی کوردی.
٤- مێژووی ڕاپەڕینی کورد.
۵- گێتی زیندەوەر.
٦- گەشتێک لە کوردستانا ١٩۵٦.
٧- مێژووی پەخشانی کوردی.
٨- ڕێزمان و ئەدەبی کوردیی پۆلی ١٢.

شەهاب خالیدی، وەرگێڕی توانای کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ١٩٧٨ ز. لە گوندێکی نزیک شاری "ئورمیە"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ساڵی ١٩٩٧ ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و دە ساڵ (٢٠٠١ - ٢٠١١) لە "ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران"دا وەک بێژەر کاری کردووە و زیاتر لە شەش ساڵ بەرپرسی "ڕۆژنامەی ئاگری" بووە، چەند ساڵێکیش بەرپرسی بەشی کوردیی ژوورینی ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" و ماڵپەڕی "کوردپا" بووە.

بەرهەمەکانی شەهاب خالیدی بریتین لە:
١- د. قاسملۆ بانگا ئاشتی و ئازادیێ (ئامادەکردن)
٢-ڕۆمانی "گاردیان"، ن: بووبێ ئەسەر (لە کوردیی ژوورین بۆ کوردیی ناوەندی)
٣-عەمەرخانی شکاک ن: محەمەدساڵح قادری (لە کوردیی ژوورین بۆ کوردیی ناوەندی)
٤-شاری مۆسیقارە سپییەکان، ن: بەختیار عەلی (لە کوردیی ناوەندی بۆ کوردیی ژوورین)
۵- پێشبینیی لێزانە قەرەجەکە، ن: عەبدولمەجید لوتفی (لە کوردیی ناوەندی بۆ کوردیی ژوورین)
٦-گەلەگورگ، ن: حوسێن عارف (لە کوردیی ناوەندی بۆ کوردیی ژوورین)
٧-شاڵاوی دڵ، ن: حوسێن عارف (لە کوردیی ناوەندی بۆ کوردیی ژوورین)
بەرهەمە ئامادەکراو و چاپنەکراوەکان:
١-بارزان دەگری، ن: بووبێ ئەسەر (لە کوردیی ژوورین بۆ کوردیی ناوەندی)
٢- پرسی کورد، ن: لازارێڤ (لە کوردیی ناوەندی بۆ کوردیی ژوورین)
٣-بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەییی گەلی کورد و قازی محەمەد
(لە کوردیی ناوەندی بۆ کوردیی ژوورین)