14 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەسەر تەقینەوەکەی سلێمانی

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەسەر تەقینەوەکەی سلێمانی
29 . ڕێبەندان . 2725

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و وتەبیژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی و گیانبەختکردنی پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە، دوو ڕاگەیەندراویان بڵاو کردەوە.
ئەمشەو چوارشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕووداوی تەقینەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی بازگەی كەڵەوانان لە ناحیەی بەکرەجۆ و لەنێوان سلێمانی بۆ دووکان، دوو ڕاگەیەندراویان بڵاو کردووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەدا هاتووە: ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە لە ڕووداوێکی گوماناویدا ئۆتۆمۆبیلێکی کۆمەڵە لەنێوان ڕێگەی سلێمانی بۆ دووکان تەقیوەتەوە و بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بە ناوی "سەعید ڕەنجبەر" ناسراو بە "هێرش" و خەڵکی ناوچەی لەیلاخ گیانی بەخت کردووە و هەروەها پێشمەرگەیەکی تر بە ناوی "ئارام بەهرامی" بریندارە کە بە خۆشییەوە باری تەندروستیی جێگیرە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئاسایشی سلێمانی و ئەمنییەتی کۆمەڵە خەریکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەن و لە ڕاگەیەندراوەکانی دیکەدا ڕای گشتی لێی ئاگادار دەبێتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە: دەستبەجێ لەسەر ئەم ڕووداوە تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکەیان ئەنجام داوە و دەرکەوتووە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزی گوللەنەبڕ بووە و بەهۆی ڕووداوی هاتوچوو وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە.
شایانی باسە کە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو ڕووداوەکە ڕووی داوە و پاش ئەو ڕووداوە تاکوو کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم دوو ڕاگەیەندراوە، لەم بارەیەوە چەندین هەواڵی جۆراوجۆر لە ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، بەڵام هەم کۆمەڵە و هەم دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەواڵە ناڕاستەکانیان ڕەت و چۆنیەتیی ڕووداوەکەیان ڕوون کردەوە.