14 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

له سەر پێویستی هاوپەیمانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات

له سەر پێویستی هاوپەیمانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات
26 . ڕێبەندان . 2725

نووسین: دکتور کامران مەتین
بە پێی هەواڵەکان سەرەڕای هەوڵەکان، حەوت حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (جارێ) نەیانتوانیوە هاوپەیمانی سیاسی (پلاتفۆرمی سیاسی هاوبەش) پێک بێنن چونکه «کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان» و «کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حکا» ئامادە نەبوونه بچنه ناو هاوپەیمانیەکە.
گۆیا کۆمەڵەی شۆڕشگێر دژایەتی بنەمایی له گەڵ هاوپەیمانی نیه بەڵام داوای ڕوون بوونەوەی چوارچێوە و پڕۆتۆکۆڵەکانی سیاسی، نیزامی و ڕێکخراوەیی هاوپەیمانیەکە دەکا. ئەم کێشەیه دەتوانێ چارەسەر بێ و هیوادارم چارە سەر بێ. بەڵام وا وێدەچێ هەڵوێستی کۆمەڵەی کۆمۆنیست ڕێشەی قووڵتر و جیددی تری هەبێ کە ئەگەر وابێ ئەم نووسراوەیه زۆرتر ڕووی له کۆمەڵەی کۆمۆنیسته.
پێک نەهاتنی هاوپەیمانیەکی بەرینی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغی سیاسی و مێژوویی ئێستای ئێران دا دەتوانێ ئاکامی زۆر کارەساتباری بۆ ڕۆژهەڵات و بۆ خۆدی ئەم حزبانەش لێ بکەوێتەوە. بەڵام بۆ؟
بۆ وەڵام بەو پرسیاره دەتوانین دۆخی ئێستای ئێران له گەڵ دۆخی ئاڵمان له ١٩٣٠ەکان بەراورد بکەین. هەر وەک چۆن ئێستا لە ئێران ڕەوتی فاشیستی پەهلەوی خەریکه بە هێز دەبێ، ئەو کاتیش لە ئاڵمان ڕەوتی کلاسیکی فاشیستی ئوروپا، یانی «حزبی ناسیۆنال سۆسیالیست» یا «نازی» بە ڕێبەری هیتلێر، خەریکی گەشه و پەرەسەندن بوو. بەستێنی ئەو گەشەیه دۆخی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بوو کە به شکستی ڕەسمی ئاڵمان کۆتایی پێهات. دەوڵەتە سەرکەوتووەکان، بە تایبەت بریتانیا و فەڕانسە، ڕێککەوتنێکی ئاشتیان بە سەر ئاڵمان داسەپاند که بەرپرسیارەتی شەڕی بە تەواوەتی خسته سەر شانی ئەم وڵاتە و مەجبووری کرد که تەواوی زەرەر و زیانەکانی دەوڵەتە سەرکەوتووەکان له شەڕ دا قەرەبوو بکاتەوە. لە ئاکام دا ئابووری ئاڵمان تووشی قەیرانێکی قووڵ بوو و چینی کرێکار و بەشێکی زۆری چینی بۆڕژوا و وردەبۆڕژوای ئاڵمانیش تووشی هەژارێکی بەرین و بێ وێنە بوون.
نازیەکان خەڵکی یەهوود و چەپەکانیان وەک بەرپرسی شکستی ئاڵمان، کارەستانی ئابوری و سیاسی، و تەحقیر بوونی ئاڵمانیەکان پێناسە کرد و گووتیان چەپ و یەهوود له پشتەوە خەنجەریان له ئاڵمان داوە. ئەو کات له ئاڵمان دو حزبی چەپی سەرەکی هەبوون: حزبی کۆمۆنیست و حزبی سۆسیال دێمۆکرات. ژێرخانی کۆمەڵایەتی هەرتک حزب چینی کرێکای به ژماره زۆری ئاڵمان بوو هەر چەند یەکیەتیە کرێکاریەکان زۆرتر سەر به سۆسیال دێمۆکراتەکان بوون. حزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان ئەندامی ئەنترناسیۆناڵی دووهەم (کۆمینتێڕن) بوو و بە تەواوی گۆێڕایەڵی یەکیەتی سۆڤیەت. ئەم حزبه بە پێی لێکدانەوەی ستالین، سۆسیال دێمۆکراتەکانی وەک دووژمنی سەرەکی خۆی پێناسە دەکرد و پێی دەگووتن «سۆسیال فاشیست».
ئەو دووبەرەکیه قووڵه بوو بە هۆی ئەوەی هێز و وزەی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆری ئەم دو حزبه چەپە لە باتی بە ئامانج گرتنی نازیەکان (وەک مەترسیەکی بوونی بۆ سەر کۆمەڵگا و خۆیان) خرا خزمەتی ململانەی سیاسی لە گەڵ یەکتر. ئەم دۆخە هۆیەکی گرینگی سەرکەوتنی نازیەکان بوو. مێژووی دوای سەرکەوتنی نازیەکان بۆ هەموان ڕوونه : نازیەکان کۆمۆنیستەکان، سۆسیالیستەکان و یەهوودیەکانیان کۆمەڵکووژ کرد و شەڕی دووەهەمی جیهانیان دەست پێ کرد و سەرەڕای ڕێککەوتنی نەهێنی «دەستدرێژی نەکردن» (بە فارسی «پیمان عدم تجاوز») لە گەڵ ستالین (١٩٣٩) له ساڵی ١٩٤١ دا شەڕیان دژی شووڕەویش دەست پێکرد که تێیدا لانی کەم ٢٥ ملیۆن شارۆمەندی یەکیەتی سۆڤیەت کووژران.
به دەسەڵات گەیشتنی پەهلەوەی دەتوانێ هەمان ئاکامی بۆ کوردستان و چەپەکان و هێزە دێمۆکرات و پێشکەوتنخوازەکان به گشتی هەبێ. هەر وەک چۆن نازیەکان لە ئاڵمان له ١٩٠٣٠ە کان دا چەپ و یەهوودیان وەک دوژمنانی سەرەکی کە دەبێ لە ناو بچن پێناسە دەکرد، ئێستاش له گوتاری سیاسی ڕەوتی پەهلەویچیەکان دا چەپ و کورد دوژمنی سەرەکین و دەبێ لە ناو بچن. چەپ به دروست کردنی شۆرشی ١٣٥٧ («فیتنەی ٥٧» بە قەولی ئەوان) و به دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی تاوانبار دەکرێ و کوردیش وەک سەر چاوەی لێکترازانی ئێران و «تەجزیه تەڵەب». لە ڕاستی دا ڕیزەکانی ئەم ڕەوته بە هەمان ئەندازه و ڕەنگه زۆرتر له سەر دوژمنایەتی چەپ و کورد لێک ئاڵقە دراون تا دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی.
ڕەوتی پەهلەوی له ئاستی ناسیۆنالیزمی توند ئاژۆ و ڕەگەزپەرەستانەی ئێرانی و هەر وەها دووژمنایەتی له گەڵ چەپ و کورد جیاوازێکی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی نیه. ئەگەر ئەم ڕەوتە به دەسەڵات بگا بە هۆی ئەوەی بە پێچەوانەی کۆماری ئیسلامی پەیوەندی گەرم و گووڕی له گەڵ ئەمریکا و ئوروپا دەبێ دەستی بۆ سەرکووتی چەپەکان و کوردەکان و باقی نەتەوە بندەستەکان به دەیان قات له ئی کۆماری ئیسلامی ئاوەڵاتر دەبێ و سەرچاوەی ئابووری و ئامرازی سەرکووتیشی زۆرتر و زەبەلاحتر دەبێ.
ئەگەر وای دانێین که ئەو کێشە نابنەماییانەی کۆمەڵەی شۆڕشگێر دەستنیشانی کردوون چارەسەر دەبن (کە هیوادارم ببن) تەنیا کۆمەڵەی کۆمۆنیست لە دەرەوەی هاوپەیمانیەکە دا دەمێنێتەوە. ئەگەر له ڕوانگەی کۆمەڵەی کۆمۆنیست حزبەکانی تری ڕۆژهەڵات کەم و کووڕیان هەیه یا جیاوازی سیاسیان لەگەڵیان هەیە دەبێ ئەمەیان بۆ ڕوون بێ که ئەمانە کێشەی ناوخۆیی کوردستانن و دەچنه خانەی ململانەی سیاسی دێمۆکراتیک له کۆمەڵگایەکی فرە حزبی و ئازاد دا و نەک خانەی مەترسی بوونی هەر وەک چۆن حزبی سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمان له ١٩٣٠ە کان دا مەترسی بوونی بۆ سەر حزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان نەبوو. بۆیەش بڕیاری چوونه ناو هاوپەیمانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات پێویستیەکی مێژوویی و سیاسی و ستراتێژیکه هەم لە ڕوانگەی سیاسەتی سۆسیالیستیەوە و هەم له ڕوانگەی بەرژەوەندی بزاڤی دێمۆکراتیکی نەتەوەیی کوردستان.
له ١٩٣٠ە کانیش دا کۆمۆنیستەکانی سەربەخۆی نەبەستراوە به ستالین، به تایبەت ترۆتسکی، بەردەوام له بارەی مەترسی به دەسەڵات گەیشتنی فاشیزم هووشداریان دەدا و پێشنیاری پێکهاتنی «بەرەی یەکگرتوو» (United Front) لە نێوان کۆمۆنیستەکان و سۆسیال دێمۆکراتەکانیان کرد، بیرۆکەیەک که بەداخەوە ئەو کات سەرنجی پێ نەدرا بەڵام دوای کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهان بوو بە بنەمای هاوکاری کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان و سۆسیال دێمۆکراتەکان و وەک تاکتیکێکی سیاسی چەپ هەر ماوەتەوە.
مەنتقی پێکهێنانی وەها بەرەیەک له قۆناغی ئیستاش دا به تەواوی مەوزوعیەتی هەیه. لە پەیوەندی له گەڵ پەهلەوی و ناسیۆنالیزمی ڕاستی توند ئاژۆی ئێرانی دا کۆمەڵەی کۆمۆنیست و هەموو هێزەکانی تری ڕۆژهەڵات بە یەک ئەندازە له مەترسی بوونی دان و به دڵنیایەوە ئەگەر ڕەوتی پەهلەوی به یارمەتی ئەمریکا و ئیسرائیل به دەسەڵات بگا بەزەیی بە هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی کوردستانی و چەپ ناکا.
ناسینی ئەولەویەتەکانی ستراتێژیک گرینگترین هونەرە له سیاسەتی کۆنکرێت و قاچ لە سەر عەرز. ئەولەویەتی سەرەکی و ستراتێژیکی حزبەکانی ڕۆژهەڵات له قۆناغی ئێستا دا یەکگرتوویی و هاوپەیمانی سیاسیە. پرسی سیاسی ئێستا نەک پرسی ململانەی سیاسی ناوخۆیی بەڵکوو پرسی مان و نەمانه.
بژی هاوپەیمانی سیاسی ڕۆژهەڵات!