9 . ڕێبەندان . 2725
سەرەکیهەواڵوتاروتووێژھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژووکەڵتوورسپۆرتکورتە هەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

راپۆرتی شیکاری- ئامادەکاری و سیناریۆکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران

راپۆرتی شیکاری- ئامادەکاری و سیناریۆکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران
7 . ڕێبەندان . 2725

قەڵای دەمدم
عەڕەب شەمۆ شوکور مستەفا کردویە بە کرمانجی خوارو
نرخ: 17,50 €
بەردەستە: 1,00

راپۆرتی شیکاری: رۆژهەڵات نیوز
سەرچاوەکان: وال ستریت ژورناڵ، کەنال ١٢ ئیسرائیل، گۆڤاری ئیکسپرێس، کەناڵی ئەلجەزیرە

ئەمریکا لە زیادکردنی هێزی ئاسمانی و دەریایی خۆی لە دەورووبەری ئێران بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی هەتا رادەیەک خەریکە ئێران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆ دەدرێت، بەڵام تاکوو ئێستا ترەمپ بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداوەو گریمانەکانیش‌ لەسەر پلانی ئەمریکا بۆ ئێران بەردەوامن.
حەوتەنامەی "ئێکسپرێس"-ی فەرەنسا لە راپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە کەشتییە فرۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا بۆ دەورووبەری ئێران رایگەیاندووە:"ناردنی ئەو زنجیرە کەشتییە فرۆکەهەڵگرە، بە مانای بڕیاری کۆتایی ترەمپ بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران نیە."
رۆژنامەی وال ستریت ژورناڵی ئەمریکاش لە راپۆرتێکدا لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمریکایی ئاشکرایکردووە، لەناو کابینەی دۆناڵد ترەمپ سەربارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران هاودەنگییەکی گشتی دروست نەبووە. ئەو رۆژنامەیە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە کە هێزی مرۆیی پێویست بۆ دەستپێکردنی هێرشێک لەو چەند رۆژەدا رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست نەکراوە.
لەگەڵ ئەوەی ماڵپەری ئێکسپرێس پێیوایە، یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا ئەوەیە کە ئەگەر هێرشێکی سنووردار بکات، رێگە بۆ سەرکوتکردنی بەرفراوانتری خۆپێشاندەران لەناوخۆی ئێران دەکاتەوە. هەربۆیە پێیوایە ئەو نمایشە سەربازییەی ئەمریکا لە دەورووبەری ئێران دەیکات، زۆرتر بۆ نیشاندانی هێزە، بۆ ئەوەی خواستەکانی لەگفتوگۆکردن بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

لەگەڵ هەمووی ئەوانەش گیلاد ئاردان، بالیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ستۆدیۆی "وای نێت"-ی گوتووە، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران یەکڵابووەتەوەو ئەو هێرشە ئەنجام دەدرێت. ئاردان دەڵێ:" هەبوونی ئەو رادە لە هێزو کەشتی فرۆکەهەڵگر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست تەنیا بۆ هەڕەشەکردن نیە، بەڵکوو ئامادەکاری بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێرانە."
لەگەڵ ئەوەش بالیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی ئەوەشی هەیە، کە دۆناڵد ترەمپ ئەو هێرشە بۆ ناچارکردنی ئێران بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت. بەرای گیلان ئاردان ئەگەر هێرشەکە لەپێناو رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بێت، لەکۆتاییدا لە سودی ئێران دەبێت، هەربۆیە هیوا دەخوازێ کۆشکی سپی بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکات.
رافی میلۆ، فەرماندەی بەشی باکووری سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی گوتووە:" ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبینرێت، ئەگەر ئەو هێرشە بۆ سەر ئێران ئەنجام بدرێت، کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر ئیسرائیلیش دادەنێت."
فەرماندەی باکووری سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، بۆ بەڕگری و هێرش ئامادەن، پێشیوایە ئەگەر ئەمریکا هێرش بۆ سەر ئێران بکات، بەئەگەری زۆر حیزبوڵڵای لوبنان کاردانەوەی دەبێت، هەربۆیە ئیسرائیل لەئێستاوە جموجۆڵەکانی میلیشیاکانی ئێران لەناوچەی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

بژاردەکانی ترەمپ بەرامبەر ئێران؟
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییە بەرفراوانەکانی ئەمریکا لەدەورووبەری ئێران، گریمانەکان لەسەر بژاردەکانی بەردەم دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران زیادیکردووە. نێت سوانسۆن بەرێوەبەری مێزی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لەسەردەمی جۆ بایدن و هاوکات ئەندامی وەفدی دانووستاندکاری ئەمریکا لەگەڵ ئێران لەسەردەمی ترەمپ بژاردەکانی بەردەم سەرۆککۆماری ئەمریکای بەمشێوەیە شی دەکاتەوە:
هێرشی بۆ سەر دامودەزگا ئەمنییەکان: رەنگە ترەمپ زانیاری وردی لەسەر ناوەند و دامەزراوەو کەسایەتییەکانی سوپای پاسداران، هێزی ئینتزامی و بەسیجی هەبێت، کە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران بەشدار بوونە. هێرشی سەربازی راستەوخۆ و سایبری بۆ سەر دامودەزگای سەرکوتی ئێران. لەگەڵ ئەوەش دیار نیە ئەوە چەندە کاریگەر دەبێت، چوونکە ئێران زیاتر لە یەک ملیۆن هێزی چەکدارو ئەمنی هەیە.
ئامانجە ئابوورییەکان: لە شەڕی دوازدە رۆژەدا، باس لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە ئابوورییەکان دەکرا. بۆ نموونە پێگەکانی هەناردەی نەوت، وەکوو دوورگەی خارک و سەرچاوەو ژێرخانی گاز. ئێستاش ئەوە بژاردەیەکە، بەڵام رەنگە کاریگەری لەسەر بازاری وزە دابنێت. لەگەڵ ئەوەش دەتوانێ کاریگەری خۆی هەبێ، چوونکە ئێران دەخاتە بەردەم داڕمانێکی تەواوی ئابووری.
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران: زۆربەری نارازیان و چاودێران خوازیاری هێرشێکن کە بتوانێ عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەناو ببات. ئەگەرچی دیار نیە، ئەوە چەندە موومکینە، بەڵام ئەگەر رووبدات گۆرانکارییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چوونکە خامنەی باڵاترین مەرجەعی ئایینی و سیاسی ئێرانە. تاکوو ئێستا جێگرەوەیەکی بۆ دیاری نەکراوە، هەربۆیە لەناوچوونی بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات درووست دەکات.

هێرشی ئەمریکا و نارەزاییەکانی ناوخۆی ئێران
ئەگەرچی سەرکوتکردنی بەردەوامی خۆپێشاندانەکان لەمێژووی ٤٨ ساڵەی رابردوو، کاریگەری دەروونی لەسەر خەڵکی ئێران داناوە، بەڵام ئێستا لانیکەم لەرووی رەوانی هەست بەوە دەکرێت، کە خەڵکی ئیتر راستەوخۆ داوای هاوکاری لەهێزێکی دەرەکی و بەدیاریکراوی ئەمریکا دەکەن. نێت سوانسۆن دەڵێ:" وەکوو خۆم گومانم هەیە، هێرشێک لەم جۆرە کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت، بەڵام نابێ پێشوەختە بڕیار بدەین، چوونکە رەنگە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروونی خۆپێشاندەران دابنێت و جارێکیتر بە گڕوتینێکی دیکەوە دەست بە خۆپێشاندانەکان بکەنەوەو بەردەوام بن، هەتا ئەو کاتەی بۆشاییەکان لەناو حکومەت زیاد بکەن و ئەو دەسەڵاتە لەناوەوە دارووخێت."

پێشبینییەکی دیکەش ئەوەیە جارێکیتر رژێمی ئێران خەڵکێکی زۆرتر بکوژێت. سوانسۆن سەبارەت بەو دۆخە، ئەزموونی مەجارستانی ١٩٥٦ و هەرێمی کوردستانی عێراقی ١٩٩١ وەبیردەهێنێتەوە. لەهەردوو حاڵەتدا ئەمریکا داوای راپەرینی لە خەڵک کرد، بەڵام ئامرازو سەرچاوەی پێویستی بۆ پشتیوانی لە خەڵکەکە نەبوو، هەربۆیە راپەریوان بەتووندی سەرکوت کران. بەڵام بەرای ئەو دیپلۆماتکارە پێگەی ئێستای ئەمریکا لە ناوچە زۆر جیاوازەو ئیمکان و ئامرازی یەکجار زۆرترو کاریگەرتری لە ناوچە بۆ پشتیوانیکردن لە راپەریوانی ئێرانی هەیە.
لەئەنجامدا نێت سوانسۆن وەکوو دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا و توێژەرەی ئێستا لە ئەنجوومەنی ئاتڵانتیک پێیوایە:" لەئەنجامدا، موومکین نیە ئەمریکا هێزی وشکانی لە ئێران دابەزێنێت. ئەوەش بەو مانایە دێت، گۆرینی رژێم لەناوخۆی ئێران لەرێگەی بەشداری راستەوخۆی چەکداری ئەمریکی نابێت، بەڵکوو هەبوونی ئەمریکا یارمەتیدەری ئەو گۆرانکارییە دەبێت کە بڕیارە ئێرانییەکان لەناوخۆ ئەنجامی بدەن."

لەهەرحاڵەتدا گۆڕانکاری بنچینەیی دەکرێت
ئەگەرچی لەبەرامبەر هەموو هێرش و هەڕەشەکاندا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڕەشەی گەورە دەکەن، لە وێرانکردنی ئیسرائیلەوە بگرە، هەتا هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوایی و لەسەرووی هەموویان ئەمریکا و تەنانەت چاودێرە ئێرانییەکانیش‌ پێیانوایە، گۆڕانکاریی بنچینەیی لە ئێران رێگەیەکی بێ گەرانەوەیەو دەبێ ئەنجام بدرێت.
کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەر کە زۆر کات و بەتایبەت لە شەڕی ١٢ رۆژەشدا بە لایەنگریکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەناسرا، بەڵام سەبارەت بە دۆخی ئێستا لەگەڵ چەند توێژەرو چاودێری ئێرانی قسەی کردووەو هەموویان باس لە دەستپێکردنی رێگەیەکی بێ گەرانەوە دەکەن.
عەلیرەزا عەزیزی، توێژەری ناوەندی توێژینەوەی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئاڵمان بە ئەڵجەزیرەی گوتووە:"هەر سیناریۆیەک بەرامبەر ئێران کاردانەوەی خۆی دەبێت، بە باوەری ئەو دەرگا بۆ سیناریۆی جیاواز و لەنێویاندا بەشۆرەویبوونی ئێرانیش‌ کراوەیە، بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەیە گۆرانکاریی بنچینەیی لەئێران رێگەیەکی بێ گەرانەوەیەو ئەنجام دەدرێت."