9 . ڕێبەندان . 2725
سەرەکیهەواڵوتاروتووێژھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژووکەڵتوورسپۆرتکورتە هەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

لەکۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، سەبارەت بە رۆژهەڵات چی باسکرا؟

لەکۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، سەبارەت بە رۆژهەڵات چی باسکرا؟
5 . ڕێبەندان . 2725

نیکۆلاس چکۆل
سامپێ و گۆسینی وەرگێرانی هیوا شەمسی بورهان
نرخ: 7,71 €
بەردەستە: 1,00

لەکۆبوونەوەیەکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە بروکسێڵ رەشنووسێک لەسەر کاروچاڵاکییەکانی داهاتوو سەبارەت بە دۆخیر رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە کرا، ئامادەکارییەکان بۆ کاری بەیەکەوەیی چڕتربوونەتەوە.

رۆژی شەممە ٤ی رێبەندان لەسەر بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە شاری بروکسێل نوێنەری حیزبەکانی ناو ناوەندی دیالۆگ کۆبوونەوەو دوای تاووتوێکردنی دۆخی ئێستای کوردستان، ئێران و ناوچەکە رەشنووسێک ئامادەکرا، بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوو ژمارەیەک چاڵاکی هاوبەش سەبارەت بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام بدرێت.

دەقی رەشنووسی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە بروکسێل:
ئێمە وەکوو نوێنەری پارتەکان و رێکخستنەکان لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کە بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بووین، نیگەرانی و توڕەیی قووڵی خۆمان بەرامبەر بە پەرەسەندنی توندوتیژی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوایین ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی ئێراندا دەردەبڕین. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە کوشتن و دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و بە میلیتاریزەکردن و داخستنی سیستماتیکی پەیوەندی بە دنیای دەرەوە، سەرکوتکارییەکانی لە بەرانبەر سەرجەم هاووڵاتیانی ئێراندا چڕتر کردووەتەوە و ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی تەواو کراونەتە ئامانج. لە کوردستاندا کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی ناڕازی لە مەڵکشایی ئیلامدا گەیشتە ترۆپک و پاشان بە هەمان ئاست لە پارێزگاکانی تری کوردستان و تەواوی ئێراندا درێژەی پێ درا. لە ماوەی سەرکوتکاریدا خەڵکێکی مەدەنیی زۆر کوژران و بریندار بوون و سزای دەستەجەمعییان بەسەر خەڵکدا سەپاند. هاوکات بە مەبەستی بێدەنگکردنی جەماوەر و شاردنەوەی توندوتیژیی دەوڵەتی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆنیان داخست و گەمارۆیەکی ئەمنییان بەسەر هەموو کوردستان و ئێراندا سەپاند. بە شێوەیەک کە تا ئێستایش ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی ئەم کوشتار و سەرکوتکارییە بەربڵاوە دەر نەکەوتووە.

ئەم دڕندەییانە ڕووداوی لێکدابڕاو نیین، بەڵکوو بەشێکن لە پێکهاتەیەکی لەمێژینەی حوکمی کۆلۆنیالیزمی بەئەمنیکراو کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا بەسەر کوردستاندا سەپێنراون. سەرکوتکردنی کورد لەم ناڕەزایەتییە سەرتاسەریانەدا هەرتەنها لەبەر بەشداربوونی نەبوو، بەڵکوو وەک گەلێکیش کە هەمیشە بۆ کەرامەت و دانپێدانانی سیاسی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەوڵی داوە، ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی دڕندانە بووەتەوە. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە وێڕای هاوسۆزی و هاوپشتی لەگەڵ هەموو خەڵکی ئێراندا کە بەرەنگاری ستەمکاری دەبنەوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە کورد ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی چەندڕەهەندی دەبێتەوە کە لە بێدەوڵەتی و سڕینەوەی مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەم ساتەوەختە چارەنووسسازەدا، یەکگرتوویی کورد، پێویستییەکی حەتمییە. دووبەرەکی چەندین جار توانای کوردی بۆ وەڵامدانەوەی بەکۆمەڵ بە قەیرانەکان لاواز کردووە، بەتایبەتی کە ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان خەریکن زۆر بە خێرایی و بەبێ بەشداریی کورد نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژنەوە. یەکیەتی بە مانای یەکسانکردنی ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵکوو مەبەست هەماهەنگییە لە دەوری پرەنسیپە هاوبەشەکان: چارەی خۆنووسین، دیموکراسی، یەکسانیی جێندەری، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بوونی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. ئێمە وەک بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەموو پارت و لایەنە کوردییەکان دەکەین، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات، پێش خولقانی ڕووداوە چارەنووسسازەکان بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ وەک ئەرکی لە پێشینەی هەموو هەوڵەکانیان دابنێن.

ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەردەوامە. ئەم دیالۆگە نەک هەر لایەنە سیاسییەکان، بەڵکوو پێویستە ڕۆشنبیران، ئەکادیمیسیەنەکان، بزووتنەوەکانی ژنان، دەستپێشخەریی گەنجان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرتاسەری کوردستان و دیاسپۆرایشدا بگرێتەوە. بەرهەمهێنانی مەعریفە، ڕەخنەی سیاسی و ڕێکخستنی جەماوەری، پایەی بنەڕەتیین بۆ داڕشتنی ئاسۆی سیاسیی داهاتووی کورد.

هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتدا، لە ڕۆژئاڤای کوردستانیش مەترسییەکی گەورە لە بەرانبەر گەلی کورددا هاتووەتە ئاراوە، هاوکات لەگەڵ بەرزنرخاندنی پاڵپشتیی هەمەلایەنەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە، بەشداربووانی کۆبوونەوە هۆشداری دەدەن لە هەڕەشەی وجوودی بۆ سەر ڕۆژئاڤا. ئەڵتەرناتیڤی دیموکراسیی کورد لەم ناوچەیەدا لە لایەن حکومەتی نوێی ڕاگوزەری سوریا و بە هۆی گۆڕانی هاوسەنگییە ناوچەییەکانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی جیدی بووەتەوە. بێدەنگی و پاشەکشەی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان کە سەردەمانێک بانگەشەی هاوبەشی لەگەڵ کوردیان دەکرد، دەقاودەق بە واتای وازهێنان لە کورد کەوتووەتەوە. بێگومان لەدەستچوونی ئەزموونی سەرکەوتووی ڕۆژئاڤا دەبێتە کارەسات بۆ گەلی کورد و شکستێکیش بۆ بەرپرسیارێتیی جیهانی. بەڵام دواجار ئەوەی لە ڕۆژئاڤا ڕوو دەدات گەلێ وانەی جیدی و ستراتیژیکی بۆ ڕۆژهەڵاتیش هێناوەتە ئاراوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستیانەدا و وێڕای پاڵپشتیکردن لە «ناوەندی دیالۆگی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات»، بەشداربوانی ئەم کۆبوونەوەیە پابەندبوونی خۆیان بە ئاسانکاریکردن بۆ یەکڕیزی و دیالۆگ و ستراتیژی بەکۆمەڵ نیشان دەدەن. لەم ڕووەوە ئەم هەنگاوە پراکتیکیانەی خوارەوە پێشنیار دەکرێن:
١. هەوڵدانی شێلگیرانە و بەپەلە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ هاوکارییەکی هەمەلایەنە و یەکگرتوو تا ئاستی یەکخستن و پێکهێنانی هێزی پاراستنی هاوبەش.
٢. دانانی میکانیزمی هەماهەنگیی بەپەلە لە نێوان ئەکتەرە سیاسییەکانی نێو ناوەندی دیالۆگ بە مەبەستی بەڕێکخراوەییکردنی ئەو ناوەندە.
٣. دامەزراندنی لقی «ناوەندی دیالۆگ» لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ئەورووپا.
٤. پتەوکردنی تۆڕەکانی ڕاگەیاندنی کوردی و بەتایبەت هەوڵدان بۆ دامەزراندنی میدیایەکی سەرووحیزبی.
٥. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەپەلەی کۆنفرانسێکی تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنی و جەماوەرییەکان و کەسایەتییەکانی ئەو بەشەی کوردستان.
٦. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی سیاسیی بەرفراوان لەژێر ناونیشانی «ناوەندی بڕیار» یان هەر ناونیشانێکی هاوشێوەدا وەکوو مەرجەعێکی سیاسی بڕیاردەر لە هەموو پرس و بابەتێکی پێوەندیدار بە سیاسەت و دیپلۆماسیی بنچینەیی ڕۆژهەڵاتەوە.
٧. هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکی جەماوەریی هاوبەش لە ئەورووپا لەسەر بانگەوازی ناوەندی دیالۆگ و بە بەشداریی کوردی هەرهەموو بەشەکانی کوردستان بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و بەرجەستەکردنەوەی ئیرادەی سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵات.
٨. دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی هەمیشەیی بۆ دیالۆگی بەردەوام لە نێوان حیزب و ڕۆشنبیران و کۆمەڵگەی مەدەنیدا لەسەر ئاستی هەرهەموو بەشەکانی کوردستان.
٩. دەستپێشخەرییەکی جیهانیی هاوئاهەنگ بۆ چالاکی و دیپلۆماسی لەسەر پرسی کورد.
١٠. کۆکردنەوەی هاوپشتیی نێودەوڵەتی و هەوڵەکانی پشتیوانی بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤای کوردستان.
گەلی کورد لە بەردەم گۆڕانکاریی مێژووییدایە. یەکڕیزی و دیالۆگ و کردەوەی بەکۆمەڵ تاکەڕێگای مانەوە و کەرامەت و ئایندەیەکی دادپەروەرە.
بەشداربوانی کۆبوونەوەی تایبەت بە لێکدانەوەی دۆخی هەنووکەیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕۆژی ٢٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٦، برۆکسێل، ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان