لەکۆی ١٩٦ ئاوایی شاری مەهاباد، لە بەشی ناوەندی و خەڵیفان نزیکەی ١٠٧ ئاوایی یان هیچ ئاوێکیان بۆ خواردنەوە نیەو بە تانکەر بۆیان دابین دەکرێن، یان رۆژانە تەنیا دوو بۆ سێ کاتژمێر ئاوی ماڵانیان هەیە. ئەمساڵ مەهاباد و دەورووبەری ساڵێکی کەم وێنەیان لەرووی وشکەساڵی، کەم ئاوی و تەنانەت لەهەندێک شوێنی بێ ئاوی بەرێکردووە، لە هاوینی ئەمساڵدا بەهۆی وشکبوونی کانیئاوی ئاواییەکان ٧٠ ئاوایی هیچ ئاوێکیان بۆ خواردنەوە نەبووەو لە رێگەی تانکەر ئاویان بۆ دابین کراوە. هاوکات بەپێی بەدواداچوونەکان و بەپێی دوایین رووپێوی بۆ گرفتی ئاو لە ئاواییەکان، ئێستا ٣٧ ئاوایی دیکەش ئاوی کانیئاوەکانیان بەرادەیەک دابەزیوە، کە رۆژانە دوو بۆ سێ کاتژمێر ئاو بۆ هاووڵاتیان بەر دەدەنەوەو لە کاتەکانی دیکەشدا ناچارن هاووڵاتیان تانکەرێک لە سەربان یان حەوشەی ماڵەکانیان دابنێن و لەکاتی پێویستدا بەکاری بهێنن. ئەگەرچی کێشەی بێ ئاوی ئەمساڵ لە مێژووی شاری مەهاباد و دەورووبەری وێنای نەبووە، بەڵام کێشەی کەم ئاوی لە ١٠ ساڵی رابردوودا بە رێژەی جیاواز هەر هەبووە. ساڵی ١٣٩٩ پرۆژەیەک بۆ راکێشانی ئاو بۆ ١٤١ ئاوایی بەشی ناوەندی و خەڵیفان شاری مەهاباد راگەیاندرا، بۆ ئەوەی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ نزیکەی ٣٠ هەزار هاووڵاتی دانیشتووی ئەو ئاواییانە دابین بکات، بەڵام بەهۆی تەرخان نەکردنی بودجەی پێویست تاکوو ئێستا هیچ پێشڤەچوونێکی بەخۆیەوە نەدیتووە. کێشەی کەم ئاوی تەنیا بۆ ئاواییەکان نیە، بەڵکوو ناو شاری مەهابادیش بۆ تەواوبوونی ئاوی خواردنەوە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدان و ئەگەر لەو پاییزەدا بارانێکی پێویست نەبارێت، خەڵکی ناوشاری مەهابادیش تووشی گرفتی نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەبن. لە ئێستادا ٥٩ ملیۆن مەتر سێ گۆشە ئاو لە پشت بەنداوی مەهاباد هەیە، ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو ١٣ ملیۆن مەتر سێ گۆشە کەمیکردووە.