لەرێککەوتنی نێوان ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ئێران هیچ کاتێک بۆ دەستپێکردنەوەی چاودێرییەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دیاری نەکراوە. ئەمرۆ سێشەممە ١٩ی خەرمانان لارنس نۆرمەن هەواڵنێری واڵ ستریت ژورنالی ئەمریکا، هەندێک لە وردەکارییەکانی ناو رێککەوتنی رۆژی رابردووی نێوان رافائێل گروسی سکرتێری گشتی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست وال ستریت ژورنال کەوتوون، لەرێککەوتنەکەدا نەک کاتێک بۆ دەستپێکردنەوەی چاودێرییەکانی ئەژانسی دیاری نەکراوە، هاوکات هیچ مۆڵەتێک دیاری نەکراوە کە ئێران وردەکاری و زانیاریی لەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ، ئیسفەهان و یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە بدات. نۆرمەن پێیوایە تاکوو ئێستا دیار نیە کە رێککەوتنی گروسی و عێراقچی لایەنی ئێران پابەندی هەنگاوی کرداری کردبێت. هەربۆیە دیپلۆماتکارێکی باڵای ئورووپی بە وال ستریت ژورناڵی گوتووە، پێ ناچێ ئەو رێککەوتنە رێگری لە هەنگاوەکانی سێ وڵاتی ئورووپی بۆ گەراندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران بکات. هاوکات لەلایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دوو مەرجی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە داناوە، یەکەم دەبێ گرەنتی ئەوەیان پێبدرێت کە هیچ هێرشێکی سەربازی دیکە ناکرێتە سەر ئێران، دووەم: ئورووپاییەکانیش دەبێ لەچاڵاککردنەوەی میکانیزمی سنەپ باک پاشەکشێ بکەن.