گروپێکی دووکەسی پێکهاتوو لە ژن و پیاوێک لە پیلانێکی بەرنامە بۆ دارێژراودا هەوڵی تیرۆرکردنی ئەفسانە ئاڵەشین چاڵآکوانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان لەشاری کۆیە دەدەن و هەوڵەکە پووچەڵ دەکرێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، شەوی هەینی ١٣ی خەرمانان لەشاری کۆیە هەوڵی تیرۆرکردنی ئەفسانە ئاڵەشین چاڵاکوانی سیاسیی و ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەدرێت. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، دوو کەس پێکهاتوو لە ژن و پیاوێک لە ماوەیەک لەمەوپێش لەرێگەی جیاجیا پەیوەندی بە ئەفسانە دەکەن و داوای دیتنی دەکەن، بە پاساوی ئەوەی کە دەیانهەوێ یارمەتی بکەن. شەوی رابردوو بڕیاربووە هەردووکیان لە کۆیە ئەو چاڵاکوانە ببینن، بەڵام دواتر پیاوەکە کە خۆی بە "هاوتا" ناساندووە، دەچێتە ماڵی ئەفسانە ئاڵەشین. پێشتر ئەو دوو کەسە بەو چاڵاکوانەیان وتووە کە دەیانهەوێ لەکارێکدا کە بڕیاربووە شەوی رابردوو بۆی باس بکەن، هاوکاریان بکات. ئەو کەسە بەناوی "هاوتا" دەچێتە بەردەرکی ماڵی ئەفسانە، بەڵام پێشتر ئەو چاڵاکوانە ئاسایشی کۆیەی لێ ئاگادار کردووەتەوەو ئەوان لە شوێنی مەبەست بوونە. کەسی گومان لێکراو بۆکسێک و هەندێک کەڵوپەلی دیکەی پێ دەبێت و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەو چاڵاکوانە سیاسییە دەدات. شایەتحاڵێک بە رۆژهەڵات نیوزی وت، بەر لەوەی بیهەوێ پیلانەکەی جێبەجێ بکات، لەلایەن ئاسایشی کۆیە کە بەشێوەی نهێنی لە گەڕەک و لەناو ماڵی ئەفسانە ئاڵەشین خۆیان حەشاردابوو، دەستبەسەر دەکرێت. کەسی دەستگیرکراو لەگەڵ هەموو ئەو کەڵوپەلانەی پێی بووە، سەرەتا رەوانەی ئاسایشی کۆیە و دواتر بۆ دەگوازرێتە سلێمانییە. هاوکات گەڕان و بەدواداچوون بۆ کەسەکانی دیکەش بەردەوامە، چوونکە دەرکەوتووە جگە لەو کەسە کەسانێکی دیکەش هاوکاریان کردووەو وەکوو گروپێک ئەو هەوڵەیان داوە.