یەکێتی تۆپی پێی ئێران بڕیاریداوە، یاری نێوان بێعسەتی کرماشان و نەوەدی ئورمییە بە بێ ئامادەبوونی هاندەران بێت، چاڵاکوانانی کورد دەڵێن، پان تورکەکان لەپشت ئەو بڕیارەن، چوونکە کوردەکان لەهەموو شارەکان بڕیاریاندابوو، لەیاریگا ئامادە بن و پشتیوانی لە یانەی بێعسەتی کرماشان بکەن. ئەمرۆ پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان لەچوارچێوەی یارییەکانی خولی یەکی تۆپی پێی ئێران ناسراو بە (لیگ ازادگان) هەردوو یانەی بێعسەتی کرماشان و نەوەدی ئورمییە بە میواندارییەتی ئورمییە بەیەکەوە یاری بکەن. چەند هەفتە بەر یارییەکە کاردانەوەی زۆری لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتبووەوە. لەکۆتاییدا سێ رۆژ بەر لەیارییەکە یەکێتی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران و لەپشت دەرگا داخراوەکان ئەنجام دەدرێت. بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، هۆکاری سەرەکی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لەچەندین شاری کوردستان و دەورووبەری ئورمییە کوردەکان بڕیاریاندابوو لە یارییەکەدا ئامادە بن و لە یاریگاکەدا پشتیوانی لە یانەی بێعسەتی کرماشان بکەن. بەڵام بۆچی کوردەکانی ئورمییە پشتیوانی لە یانەی نەوەدی شارەکەیان ناکەن؟ هۆکارەکان زۆرن و سەرەکیترینی ئەوەیە کە خودی یانەکە لەلایەن پان تورکەکان بەرێوەدەچێت و لەچەندین بۆنەدا ئەکت و دروشمی دژی کوردستانیان وتووەتەوە، هەربۆیە کوردەکان لەنێوان بێعسەتی کرماشان و نەوەدی ئورمییە، پشتیوانی لە یانە کرماشانییەکە دەکەن. یانەی نەوەد (تیم ٩٠ ارومیە) لەلایەن یەحیا بەهاری یەکێک لە هاورێ نزیکەکانی نادر قازیپوور دامەزراوە، یەحیا لە پانتورکە دژە کوردەکانی شاری ئورمێیە، بەهۆی ئەوەی ساڵی ١٣٩٠ دامەزراوە، هەربۆیە ناوی یانەکەشیان ناوە نەوەد. هەر لەسەرەتاوە یاریزان و بەرێوەبەرو هاندەرەکانی یانەی نەوەدی ئورمییە بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دژایەتی بزاڤی کوردستانیان دەکرد. یەکەمجار لەکاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، یاریزانەکانی یانەی نەوەد سڵاوی سەربازیان بۆ پشتیوانیکردن لە تورکیا کرد، ئەوکات وێنەکان بەشێوەی بەرفراوان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە. ساڵی ١٣٩٨یش کاتێک یانەی نەوەدی ئورمییە یاری لەگەڵ گەوهەر سیرجان دەکرد، جارێکیتر هاندەرو یاریزانەکان هێمای بوزقوردی پان تورکەکانیان بەرزکردەوە. ئەوەو زۆر ئاکاری دیکەی یانەی نەوەدی ئورمییە بەئاشکرا دەریخست کە جگە لەوەی بەرێوەبەری یانەکە بەپشتیوانی نادر قازیپوور دژایەتی کوردەکان دەکەن، هیچ کوردێک بۆ تەنانەت یاریکردنیش وەرناگرن. هەر هەموو ئەوانەش وایکردووە، کوردەکان لە ئورمییە یانەی نەوەد بەهی خۆیان نازانن و بڕیاریاندابوو کە پشتیوانی یانەی بێعسەتی کرماشان بکەن…