14 . خەرمانان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

لەدوای شەڕی ١٢ رۆژە، ٢٠ هەزار کەس دەستبەسەر کراون

لەدوای شەڕی ١٢ رۆژە، ٢٠ هەزار کەس دەستبەسەر کراون
12 . خەرمانان . 2725

رێکخراوی لێبوردنی گشتی و هیومان رایتس وۆچ لەراپۆرتێکی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، سەرکوتێکی کارەساتبار بە پاساوی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئێران دەستی پێکردووەو ٢٠ هەزار کەس دەستبەسەر کراون.

رۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان هەردوو رێکخراوی لێبوردنی گشتی ناسراو بە ئەمنێستی و هیومان رایتس وۆچی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی هاوبەشیان لەسەر دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لەدوای شەڕی ١٢ رۆژەی ئێران و ئیسرائیل بڵاوکردەوە. لەراپۆرتەکەدا هاتووە سەرکوتێکی کارەساتبار دەستیپێکردووەو بە هەزاران کەس بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی دەستبەسەر کراون.

بەپێی راپۆرتەکە ٢٠ هەزار دژبەری سیاسی، چاڵاکانی مافی مرۆڤ، چاڵاکی کەمینە نەتەوەییەکان، رۆژنامەوان، چاڵاکی سوشیاڵ میدیا، بنەماڵەی قوربانیانی خۆپێشاندانەکان، پەنابەرە ئەفغانییەکان و باوەردارانی بەهایی، مەسیحی و یەهوودی دەستبەسەر کراون. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەدا ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بەشێوەی هەڕەمەکی لە خاڵەکانی پشکنین تەقەیان لەهاووڵاتیان کردووەو تەنانەت کچێکی تەمەن ٣ ساڵانیان کوشتووە.

راپۆرتەکەی ئەمنێستی و هیومان رایتس وۆچ باس لەوە دەکات، لەگەڵ تەواوبوونی شەڕی ١٢ رۆژە، بەرپرسان و راگەیاندنەکانی حکومەتی ئێران بانگەشەی لەسێدارەدانی بەپەلەی تۆمەتبارانیان دەکرد، بە ئاشکراش باسیان لەدووپاتکردنەوەی کوشتاری بەندکراوانی سیاسیی هاوشێوەی ١٣٦٧ دەکرد. لانیکەم ٩ کەس بە تۆمەتی سیخوریکردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدان، تەنانەت هەر ئێستاش پرۆژە یاسایەک بۆ پەرەپێدانی زیاتری لەسێدارەدان چاوەرێی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور (شورای نگهبان)-ە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ٢٥ی ژوئەن و تەنیا لەیەک رۆژدا ٧٠٠ کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەستبەسەر کراون، کە زۆربەیان هی پارێزگاکانی کرماشان و خوزستان بووە. دوای شەڕەکە گوشآری سەری کەمینە ئاینییەکان یەکجار زۆر زیاتر بووە، سەدان بەهایی بە تۆمەتی سیخوریکردن بۆ ئیسرائیل دەستبەسەر کراون، لێکۆلینەوەیان لەگەڵ کراوەو دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیراوە. لانیکەم ٥٤ مەسیحی و ٣٥ یەهوودی لە شیراز و تاران بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاریان لە ئیسرائیل دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەرکردنی زۆر، دادگاییکردنی بەپەلەو بێ پارێزەر، لەسێدارەدانی خێرا و هەڵاواردن لەدژی ئەفغانییەکان و کوشتاری نایاسایی لە سەر جادەو خاڵی پشکنینەکان بەشێک لەو سەرکوتە بووە کە لەدوای شەڕی ١٢ رۆژە روویداوە.