24 . پووشپەڕ . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

نەتانیاهۆ: ئێران دەبێ ئەو سێ کارە بکات

نەتانیاهۆ: ئێران دەبێ ئەو سێ کارە بکات
23 . پووشپەڕ . 2725

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران دەبێ واز لەپیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت، پرۆژەی مووشەکی باڵستی کۆتایی پێبهێنێت و چیتر پشتیوانی لە پرۆکسییە چەکدارەکانی نەکات.

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، باسی لەو مەرجانە کرد، کە دەتوانێ مانا بەگفتوگۆکان لەگەڵ تاران بدات. نەتانیاهۆ دەڵێ پشتیوانی لە رێککەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ئێران دەکات. بەڵام سەرەتا ئێران دەبێ واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت، هاوکات رێککەوتنەکە نابێ پرۆژەی مووشەکی باڵستیکی تێدا بێت، بەوتەی نەتانیاهۆ ئێران نابێ مۆڵەتی ئەوەی پێبدرێت کە مووشەکێک دروستبکات کە مەوداکەی لە ٤٥٠ کیلۆمەتر زیاتر بێت. خاڵی سێییەمیش ئەوەیە، تاران چیتر واز لە هێڵی تیرۆر بهێنێت، واتا نابێ چیتر پشتیوانی لە پرۆکسییە چەکدارەکانی بکات.

نەتانیاهۆ دەڵێ، ئێران ئەگەر ئەو سێ خاڵە قبووڵ بکات، ئیتر لەگەڵ حکوومەتێکی نوێ رووبەروو دەبین. بەڵام ئەگەر ئەوە روونەدات، دەبێ لێگەرێین رووداوەکانی ناوخۆی ئێران بۆ هەر ئاراستەیەک دەڕوات، با بڕوات.

تاکوو ئێستا ئەمریکا و شەخسی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ خاڵی یەکەمی بنیامین نەتانیاهۆ کۆکە، واتە واشنتنیش نایهەوێ ئێران چیتر لەهیچ ئاستێکدا یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام بۆ دوو خاڵەکەی دیکە، هێشتا بۆچوونی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپا روون نیە. بڕیارە ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا و عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەچەند رۆژی داهاتوودا کۆببنەوە، ئەگەرچی ئەمرۆ دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێشتا شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو گفتوگۆیە دەستپێدەکات.

دەنگۆی کۆبوونەوەی ویتکاف و عێراقچیش لەکاتێکدایە، ئەژانسی رۆیتێرز ئاشکرایکردووە، لە دوو رۆژی داهاتوودا،یەکێک لە وڵاتانی ئورووپا (بەریتانیا، ئاڵمان یان فەرانسە) میکانیزمی سنەپ بەک (میکانیزمی ماشە) چالاک دەکەن. ئەوەش سەرجەم گەمارۆکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران زیندوو دەکاتەوە.