21 . پووشپەڕ . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ترەمپ و نەتانیاهۆ، یەکبوون لەبەردەم کامێرا و ناکۆکیی قووڵی ستراتیژیی

ترەمپ و نەتانیاهۆ، یەکبوون لەبەردەم کامێرا و ناکۆکیی قووڵی ستراتیژیی
19 . پووشپەڕ . 2725

سەرچاوە: israelhayom
وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز

لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وێنایەکی سەرکەوتووانەو یەکگرتوو لەخۆیان نیشان دەدەن، بەڵام هەندێک سەرچاوەی دیپلۆماتیک ئاشکرای دەکەن، ئەوە تەنیا رووکەشەو ئەو دوو رێبەرە جیاوازی زۆریان لە ستراتیژییەکانیان بۆ داهاتوو هەیە.

ماڵپەری ئیسرائیل هیوم لەسەر زاری چەند سەرچاوەی دیپلۆماتیکی ئاگادار ئاشکرایانکردووە، ترەمپ و نەتانیاهۆ لەکاتێکدا رۆژانی دووشەممەو سێشەممە جەژنی سەرکەوتن بەسەر ئێرانیان گێرا، لەپشت پەردەکان لەسەر ئامانجی کۆتایی سەبارەت بە ئێران، غەززەو داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەراست ناکۆکی قووڵیان هەیە.
ترەمپ و نەتانیاهۆ لەسەر ئەو باوەرەن کە هێرشەکانیان پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆ ماوەیەک دواخستووە، بەڵام بەدواداچوونە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، ئێران یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەر ماوە، توانایی دەستپێکردنەوەی پرۆژە ئەتۆمییەکانیشی لەماوەی کەمدا هەیە. بەباوەری دوو سەرچاوە ئاگادارەکە، ئەو سەرکەوتنەی ترەمپ و نەتانیاهۆ باسی دەکەن، تەنیا سەرکەوتنێکی کورت مەودای تاکتیکییەو ناکرێ وەکوو سەرکەوتنێکی ستراتیژیکی درێژ مەودا سەیر بکرێت.

ناکۆکیی لەسەر ئەولەوییەتەکان
دۆناڵد ترەمپ بۆ رێگریکردن لە ئێران بۆ ئەوەی دەستی بەچەکی ئەتۆم رابگات، ئەولەویەت بە دیپلۆماسی دەدات، تاکوو ئێستا ئەمریکا ئەوەی رەتکردووەتەوە. لەبەرامبەردا، نەتانیاهۆ دەیهەوێ گوشارەکانی سەر تاران تووندتر بکرێن، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات، گوشارەکان هەتا لەناوبردنی کۆی پێکهاتەی حکومەتی ئێران بروات، بۆ ئەوەی تاران ناچار بکرێت، بۆ هەمیشە واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. ئیسرائیل پێیوایە پیتاندنی یۆرانیۆم لەهەر ئاستێکدا ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیان دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو جیاوازییەی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ، سەبارەت بە کەرتی ‌غەزەش دەبینرێت. ترەمپ دەیهەوێ وێنایەکی ئاشتیخواز لەخۆی نیشان بدات و بۆ ئەوەش هەوڵی جیدی دەدات کە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەزە بکرێت، لەگەڵ ئەوەش‌ هێشتاش دوورەدیمەنێک بۆ داهاتوو غەزە لەئارادا نیە. ئەگەرچی نەتانیاهۆ لەرووکەش لەگەڵ گفتوگۆکانی ئاگربەست دایە، بەڵام لەسەر ئەوەش پێداگرە کە تەنیا رێگەی کۆتایی هێنان بەشەڕ، لەناوبردنی تەواوی حەماسە. ئەو دەیهەوێ رێبەرەکانی ئێستای حەماس بۆ وڵاتانی دیکەی وەکوو ئەلجەزائیر دوور بخرێنەوە، حەماسیش ئەوە بە تووندی رەتدەکاتەوە.

ناکۆکیی لەسەر گفتوگۆ ئەتۆمییەکان
یەکێک لە گەورەترین ناکۆکییەکان ئەوەیە، نەتانیاهۆ بەتووندی دژی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئەمریکا وئێران لە ژنێڤە. واشنتن لەهەوڵدایە هەنگاوە دیپلۆماتییەکانی لەدوای هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوەو ئەمجارە جگە لە عۆممان باس لە ژنێفیش دەکرێت. بە باوەری راپۆرتەکەی ئیسرائیل هیوم، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دژی پێدانی هەر جۆرە دەرفەتێکی سیاسیی و ئابوورییە بە ئێران.

نموونەی لیبی و گۆرینی رژێم لەئێران
سەرچاوەگەلێکی ئاگادار بە ئیسرائیل هیوم-یان راگەیاندووە، نەتانیاهۆ لەهەوڵی ئەوەدایە نموونەی لیبی بۆ داهاتوو ئێران بەکاربهێندرێت. ئەوەش بەو مانایە دێت کەدەبێ سەرجەم پرۆژە ئەتۆمیی و مووشەکییەکانی ئێران کۆبکرێنەوە. چاودێرە رۆژئاوایی و ناوچەییەکان پێیانوایە، ئامانجی ئیسرائیل گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران نیە، بەڵکوو گۆرانی پێکهاتەی دەسەڵات لەتارانە. لەگەڵ ئەوەش، نەتانیاهۆ بۆ ئەنجامدانی هەرجۆرە هێرشێکی سەربازی دیکە بۆ سەر ئێران، لانیکەم پێویستی بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ترامپ بەدوای ئەنجامێکی جیاوازدا دەگەرێت. سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئیسرائیل هیوم-یان وتووە، سەرۆککۆماری ئەمریکا لەدوای هێرشەکان بۆ سەر ئێران، بەدوای دەرفەتێکدا دەگەرێت، بەئاواتە لەمێژینەکەی بگات، ئەویش رێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ‌ ئێرانە. رێککەوتنێک بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئابووریەکان زیندوو بکاتەوەو وەکوو دەستکەوتێکی گەورەی دیپلۆماتیکیش بۆ خۆی بەکاری بهێنێت.

دوو رێگەی دژوار لەبەردەم تاران
حکومەتی ئێران تاکوو ئێستا لەبەردەم دوو بژاردە دایە: یان دەبێ رووبەرووی هێرشی نوێی دیکە بێتەوە، یان پاشەکشێ بکات و مڵکەچ بێت. چاودێران پێیانوایە، رەنگە تاران هەوڵی ئەوە بدات، بەدرێژکردنەوەی گفتوگۆکان، واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم نەهێنێت و تەنیا کات بکڕێت.

بژاردەی جێگرەوەی ئیسرائیل: هێرشی بەردەوام و کاتی
لەنەبوونی رێککەوتن، ئیسرائیل سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی بەردەوام پێداگری دەکات، بەشێوەیەک لەرێگەی هێرشی سەربازی کاتی بەڵام بەردەوام تاران بە لاوازی بهێڵێتەوە. بەباوەری ئیسرائیل لەرێگەی ئەو ستراتیژییەوە، لەلایەک توانای سەربازی و بەرگری ئێران لەناو دەبات، لەلایەکی دیکەشەوە رێگری لە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە ئەتۆمییەکانی دەکات.
ئێستا ئیسرائیل خۆی بە تاکە هێزی سەربازی ناوچەکە دەزانێت، وڵاتێک کە دەتوانێ‌ بەبێ ترس لە کاردانەوەی نێودەوڵەتی کارو پلانەکانی خۆی بەرێوەببات. لەبەرامبەردا واشنتن بە پارێزەوە رەفتار دەکات، لەگەڵ ئەوەش هێشتاش‌ هەندێک بەرپرس لە ئەمریکا لەگەڵ گۆرینی رژێمی ئێرانن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ نایەوێ‌ تێچووی زیاتری ئابووری و سەربازی بۆ وەها پرۆژەیەک دابین بکات.

نەتانیاهۆ: دەرفەتی ستراتیژی زوو تێدەپەرێت
سەرچاوەیەکی نزیک لە نەتانیاهۆ، پێیوایە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێیوایە، ئەو دەرفەتەی ئێستا ستراتیژییەو کاتییە، هەربۆیە نابێ لەکیس بچێت. بەباوەری نەتانیاهۆ، ئێستا باشترین کات بۆ هەنگاوێکی بەپەلە و یەکلاکەرەوەیە، بەر لەوەی ئێران دەرفەتی خۆکۆکردنەوەی هەبێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، ژێرخانی بەرگری ئاسمانی ئێران زیانی بەرکەوتووە، بنکە ئەتۆمییەکانی وەکوو جاران نین، تۆری پرۆکسییە چەکدارەکانی لاواز کراون و هێزی کاردانەوەو وەڵامدانەوەی لەو پەری بێهێزی دایە، بەڵام تاران دەتوانێ‌ لەماوەی چەند مانگدا هەموو ئەوانە نۆژەن بکاتەوە. هەربۆیە بە باوەری نەتانیاهۆ، شەڕ هێشتا تەواو نەبووە، بەڵکوو لەقۆناغێکی یەکلاکەرەوە دایە، قۆناغێک کە نەتانیاهۆ بە قۆناغێکی "وجوودی، ستراتیژیی و چارەنووسساز" ناوی دەبات.