سەرچاوە: foreignpolicy وەرگێران رۆژهەڵات نیوز دوو پسپۆرو بەرپرسی وزەی ئەتۆم و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە وتارێکی شیکاری هاوبەشدا بۆ ماڵپەری فۆرن پۆڵسی، لەسەر ئەو باوەرەن ئێران ئێستاش دەتوانێ لانیکەم ١٠ بۆمبی ئەتۆم دروست بکات و پێیانوایە لەئێستاوە حکومەتی داهاتووی ئێران کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەتۆمی وەکوو ئەولەویەتی یەکەم سەیر بکەن، چەندین پێشنیاریش لەو بوارەدا دەخەنە روو. وەرگێرانی بەشێک لە وتارەکەی فۆرن پۆلسی: لەراستیدا هەموولایەک دەزانن ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوەتی لەناو نەچووە، ئێران هێشتاش دەتوانێ کەڵک لەو یۆرانیۆم و ریاکتۆرە ئەتۆمیانەو کەرەستە خاوەکانی پیتاندن وەربگرێت، کە لە بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز زیانیان بەر نەکەوتووە. لەوەش گرنگتر بە ئەگەری زۆر هێشتاش ئێران بەشێک لەو ٨ هەزار کیلۆگرام یۆرانیۆمە پیتێندراوەی لەبەردەستدا ماوە، بەتایبەت ئەو ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمەی بەرێژەی سەروو ٦٠ لەسەد پیتێندراوە. ئەوەش بەشی لانیکەم ١٠ بۆمبی ئەتۆم دەکات. ئێران هێشتاش ژمارەیەک زۆر لە سانترفیوژی پێشکەوتوو و پارچە سانترفیوژی و ئامراز و دێکیۆمێنتی پەیوەندیدار بە پرۆژە ئەتۆمییەکانی پاراستووە، هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە زانا ئەتۆمییەکانیشی هەر بۆ ماوەتەوە. لەگەڵ ئەوەش لە ١٣ی ژوئەنەوە ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هیچ چاودێرییەکیان بەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران نەماوە. لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانیش، بەئەگەری زۆر بەشی زۆری مادە و ئامرازەکان لە شوێنی نهێنی جۆراوجۆر شاردراونەتەوە. لەراستیدا تاکوو ئێستاش دیار نیە کە ئەو مادەو ئامرازانە شاردراونەتەوە یان دزراون، روونکردنەوەی ئەوە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر دژوارە. دۆخەکە کاتێک ئاڵۆزتر دەبێت کە ئێران لە ٢ی ژوئیە رایگەیاند، بەپێی یاساییەکی نوێ، سەرجەم هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەڵپەساردووە. لەرووی زانستییەوە نیگەرانیی سەرەکی بۆ یۆرانیۆمی ٩٠ لەسەد پیتێندراو نیە، بەڵکوو کێشەکە ئەو یۆرانیۆمەیە بەرێژەی ٦٠ لەسەد پیتێندراوە، ئەو یۆرانیۆمە بۆ ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆم زۆر سرنجراکێش دەبێت. ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی ٦٠ لەسەد، دەکاتە نزیکەی ٢٠ دەبەی ئاو و زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ لەرێگەی بارهەڵگرەکان بگوازرێنەوە. لەئێستادا دیار نیە ئەو یۆرانیۆمە لەکوێیە، لەئەگەری کەوتنی رژێمی ئێستای ئێران گەران بەدوای یۆرانیۆمەکە دژوار دەبێت. هەربۆیە دەبێ لەئێستاوە بیر لە قۆناغی دوای رژیمی ئێستا بکرێتەوە. لەئەگەری رووخانی رژێمی ئێستای ئێران، واشنتۆن چۆد دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانە ئەتۆمییە بکات؟ لەو ئەگەرەدا رەنگە ئەمریکا ناچار بێت، بۆ دیاریکردنی شوێنی یۆرانیۆمەکە کەڵک لە توانای هەواڵگریی خۆی و هاوپەیمانەکانی وەربگرێت. هەر لەئێستاوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێ رێگری لە گواستنەوە یان دزینی ئەو مادانە بکەن کە مەترسیدارن و ریسکیان لەسەرێیە. ئەو کارە ئاسان نیە، بەڵام دەبێ هەموو بژاردەکان بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی ئەو مادانە لەسەر مێز بێت. دەوڵەتەکان لەسەراسەری جیهان دەبێ ئەو مەترسییە بە جیدی وەربگرن و لەگەڵ هاوکاریکردن حکومەتی نوێی ئێران، هاوکات هۆشداریشی پێبدەن. نابێ بۆ ئەو یارمەتییەش بیر لە دیموکراتیکبوون یان نەبوونی حکومەتی نوێ یان دووری یان نزیکبوونی لە ئەمریکا بکەنەوە، چوونکە دەستراگەیشتنی هێزی تیرۆریستی بەو یۆرانیۆمە زۆر دژوار نابێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ، داوا لە حکومەتی نوێی ئێران بکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستپێبکاتەوە، رێگە بۆ پشکێنەرانی ئەژانس بکاتەوە کە چاودێری بنکەکان بکەن و هاوکات گروپێکی تایبەتیش بۆ دڵنیابوون لە پارێزراوبوونی دامەزراوە سەرەکییەکان تەرخان بکات. لەگەڵ داڕمانی یەکێتی سۆڤییەت سەم نان و ریچارد لوگار دوو سیناتۆری ئەمریکا پرۆژەیەکیان بە ناوی سی تی ئار پێشکەش کرد، بۆ ئەوەی پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەناو رووسیا و وڵاتانی دیکەی ناو یەکێتی سۆڤییەت گرەنتی بکرێت. ئەو پرۆژەیە توانی یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی دیواری پراستنی بنکە ئەتۆمییەکان. لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ئێرانیش، واشنتن و هاوپەیمانەکانی دەبێ هەوڵێکی هاوبەشی لەو جۆرە بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش بدەن.