دوای دەستپێکردنی ئاگربەست دوای ١٢ رۆژ شەڕی ئیسرائیل و ئێران چیرۆکی چارەنووسی نزیکەی ٤٧٠ کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دەستیپێکردووە، هەندێک دەڵێن لەناو نەچووەو هەشن دەڵێن هیچی لێ نەماوە، تەنانەت ئەوە ناکۆکی خستووەتە نێوان پێنتاگۆن و کۆشکی سپیش. لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەستی شەڕی ١٢ رۆژە، ژمارەیەک راگەیاندنی بەناوبانگی جیهان وەکوو نیۆیۆرک تایمز، سی ئێن ئێن و رۆیتێرز لە راپۆرتی جیاجیادا گومانیان خستە سەر ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران. یەکەمجار کەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکا لەسەر زاری راپۆرتێکی ئەژانسی زانیارییەکانی پێنتاگۆن و ١٨ دامەزراوەی دیکەی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی بی دووەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان نەیتوانیوە بەشە گرنگەکانی پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو ببات و تەنیا توانیویەتی بۆ چەند مانگ دوای بخات. لەراپۆرتەکەی سی ئێن ئێن-دا هاتووە یۆرانیۆمی ٦٠ لەسەد پیتێندراوی ئێران لەناو نەچووە، تەنانەت هەندێک سانترفیوژی پێشکەوتووش زیانیان پێ نەگەیشتووەو تەنیا رەنگە پرۆسەکەیان بۆ چەند مانگ دواخستبێت. هاوکات نیۆیۆرک تایمز و رۆیتێرز راپۆرتی جیاوازیان لەسەر کردووە. لەهەردووکیاندا ئەو زانیاریانە هاوبەشن کە زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠ لەسەد راگوێزراوەو کاتی هێرش بۆ سەر فۆردۆ لەوێ نەبووە. هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆنیش لە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتاییدا رایگەیاند کە پرۆژەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی لەناو نەچووە. مان و نەمانی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران و بەتایبەت یۆرانیۆمەکە ناکۆکی خستە نێوان ناوەندی بڕیاری ئەمریکاش، کۆشکی سپی راپۆرتەکەی پێنتاگۆنی رەتکردەوەو رایگەیاند کە بەو رێژە بۆمبەی کە لە فۆردۆ دراوە، ئەو بنکەیەی بەتەواوەتی خاپوور کردووە. تەنانەت دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لەو بەرپرسانەی ئەمریکا کرد کە باس لە لەناونەچوونی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران دەکەن. سەبارەت بە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا رایگەیاند ئەو بارهەڵگرانەی لەبەردەم فۆردۆ بوونە، پەیوەندیان بە گواستنەوەی یۆرانیۆم نەبووە، چوونکە بەوتەی ترەمپ گواستنەوەی یۆرانیۆم قورس و مەترسیدارەو کاتی زۆریشی دەوێت. لەگەڵ هەمووی ئەوانەش، وڵاتانی ئورووپاش و بەتایبەت بەریتانیا، ئەڵمان و فەرەنساش گومانیان لە لەناوچوونی پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران و لەناوچوونی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە هەیە. هەربۆیە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری بە ئێران داوەو هەڕەشەی ئەوە دەکات، لە کەمترین کاتدا میکانیزمی سنەپ باک (مکانیزم ماشە) لەدژی ئێران چاڵاک دەکات.