5 . پووشپەڕ . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

دیموکرات و کۆمەڵە هۆشداری لە شەپۆڵی نوێی سەرکوتی رژێم دەدەن

دیموکرات و کۆمەڵە هۆشداری لە شەپۆڵی نوێی سەرکوتی رژێم دەدەن
5 . پووشپەڕ . 2725

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی ئێران لە زیادبوونی لەسێدارەدان و رەشبگیریی لە کوردستان و ئێران لەدوایی شەڕی ئیسرائیل و ئێران هۆشداری دەدەن و دەڵێن تاران دەیەوێ شکستەکەی لەو شەڕە بە سەرکوتی خەڵک قەرەبوو بکاتەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیاندراوێکی بۆ مەحکوومکردنی شەپۆڵی نوێی ئێعدامکردن بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:"لە سێدارەدانی ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ لە حاڵێک‌دایە کە لە دوو حەوتووی ڕابردوودا ئەوەندەی زاندراوە سێ کەسی دیکەش هەر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن دەزگای قەزاییەوە لە سێدارە دراون و ئەم بابەتە بۆتە جێگای مەترسیێکی جیددی بۆ سەر خەڵکی ئێران بە گشتی و دەسپێکی زنجیرەیەک کوشتار و لەسێدارەدانی خەڵکی بێتاوان بە تۆمەتی بێ‌بنەمای هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا. هاوکات لەگەڵ لە سێدارەدانی ئەم شەش کەسە لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا سەدان کەسیش لە شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی دیکەی ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و تۆمەتی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیان دراوەتە پاڵ."

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە دژە مرۆییەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بیروڕای گشتیی جیهانی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ئاگادار دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم دۆخەی ئێستایدا بۆ چاوترسێن‌کردنی خەڵکی ئێران شەپۆلێکی دیکە لە گرتن و لەسێدارەدانی خەڵکی وەڕی خستوە و لە هەمان کاتدا دەیهەوێ تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە خەڵک و زیندانییانی سیاسی بکاتەوە.

هاوکات کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش لە راگەیاندراوێکدا وێرای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەو رەشبگیری و گوشارەکان رایگەیاندووە:" سەراسەری مێژوویی کۆماری ئیسلامی، دەرخەری ئەو خاڵەیە کە رژێم بەردەوام کوردەکان و نەتەوەکانی دیکەی زوڵملێکراو وەکوو هەڕەشەیەکی سەرەکی دەبینێت و بەردەوام بەشێوەی سیستماتیک ئازار و ئەشکەنجەو ئیعدام و تیرۆریان دەکات. لەئێستادا لە شارەکانی کوردستان وەکوو سەقز، سنە، مەهاباد، بۆکان، کرماشان، ئیلام، بانە و مەریوان دەیان کەس دەستبەسەرکراون."

لەبەشێکی دیکە لە راگەیاندراوەکەی کۆمەڵەدا هاتووە، لە بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادیش کە کوردستان پێشەنگایەتی دەکرد، کوردستان زۆرترین قوربانی دا و زۆرترین سەرکەوتی تەحەمووڵ کرد، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان بەردەوام دەیانەوێ مافەکانیان بەشێوەی ریشەیی و رەوا و لەرێگەی ئاشتییانە و مەدەنی چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەو رژێمە لەنوێترین جینایەتیدا سێ کەسی بەناوەکانی ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و رەسوڵ ئەحمەدی لە زیندانی ورمێ لەسێدارە داوە.

لە راگەیاندراوی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا هاتووە:" قۆناغێکی نوێ لە ئیعدام، تووندوتیژی حکومەتی و رەشبگیریی دەستیپێکردووەو مەحکوومی دەکەین و هۆشداریش دەەین لە سەرکوتکردن و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ. داواش لەسەرجەم هێزە سیاسییەکان، رێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆڤییەکان دەکەین، کاری کاریگەرو بەپەلە بکەن. داواش لە خەڵک و کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان و سەراسەری ئێران دەکەین، لەرێگەی نارەزایی دەربرینی مەدەنی و دروستکردنی کەمپەینی بەرفراوان لەدژی تووندوتیژی و ئێعدام پارێزگاری لە گیانی رۆڵەکانیان بکەن."