ئەو شەڕەی دۆناڵد ترەمپ وەکوو "شەڕی ١٢ رۆژە" ناوی برد، بە ئاگربەستێک بۆ ماوەیەک راگیراوە. ئیسرائیل و ئێران دوای پەیامەکەی شەوی رابردووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بەشێوەی جیاواز و لەکاتی جیادا قبووڵیان کرد، لەگەڵ ئەوەش هەر زوو دەرکەوت کە پێناچێت ئاگربەستەکە زۆر قائیم و درێژخایەن بێت. نزیکەی دوو کاتژمێر دوای راگەیاندنی ئاگڕبەستەکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران دوو مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووەو ئەوەی وەکوو پێشێڵکاری ناوبرد، هەر ئەوەش وایکرد سەر لەبەیانی رۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل بەچەندین فرۆکەی شەڕکەر تاران، بابۆڵ و بابۆڵسەری بوردوومان کرد. لەگەڵ ئەوەش دۆناڵد ترەمپ لەتویتێکدا وتی ئاگربەستەکە بەردەوامەو ئەوە تەنیا وەڵامی ئیسرائیل بۆ پێشێڵکارییەکەی ئێران بووە. شەوی دووشەممە هەر وەکوو چاوەروان دەکرا، ئێران لە وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ هەندێک بنکەی سەربازی ئەمریکای لەناوچە کردە ئامانج، بەتایبەت مووشەکی ئاراستەی بنکەی سەربازی ئەڵعەدیدی قەتەر کرد. لەکاتێکدا ناوچەکە لەحاڵەتی ئامادەباشیدا بوو و، دەرگا بۆ زۆر ئەگەری دیکە کرابوویەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی تروس ئاگربەستەکەی راگەیاند و وتی ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستەکەیان قبووڵ کردووەو دوای ٦ کاتژمێر دەست پێدەکات و دوای ١٢ کاتژمێرشی ئاگربەستەکە بۆ هەمیشە دەچەسپێت. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی دوو هەڕەشەی جیدی لەسەر خۆی لابردووە، بەوتەی ئەو هەم توانای موشەکی و هەم بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناوچوونەو ئەوەشی بە دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ ئیسرائیل ناوبرد. نەتانیاهۆ دەشڵێ دەستکەوتەکانی ئیسرائیل زۆر زیاتر لە چاوەروانییەکان بووەو تەلەڤیڤ ئیتر خۆی وەکوو زڵهێزێکی گەورە چەسپاند. لەبەرامبەردا کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بانگەشەی سەرکەوتن دەکات و تەنانەت بڕیارە ئێوارەی رۆژی سێشەممە لەتاران جەژنی جەماوەری سەرکەوتن بکات. لەکاتێکدا چاودێران پێیانوایە دۆراوی سەرەکی ئەو شەڕە ١٢ رۆژەیە ئێران بووە. لەو شەڕەدا دەیان فەرماندەی باڵای سەربازی ئێران کوژراون، سەرجەم بنکە ئەتۆمییەکانی خاپوور کراون و توانای مووشەکی ئێرانیش بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووەو زۆربەی رەهای سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکیشی لەناوچووە. لەوانەش گرنگتر سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتەش داڕماوەو ئێستا ئاسمانی ئێران بۆ مووشەک و فرۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل کراوەیە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ لەدوا کاردانەوەیدا رایگەیاند:"ئێران هەرگیز ناتوانێ بنکە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نۆژەن بکاتەوە."