5 . پووشپەڕ . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

فۆردۆ خاپوور کرا، وەڵامی تاران، کۆتایی ئێران

فۆردۆ خاپوور کرا، وەڵامی تاران، کۆتایی ئێران
1 . پووشپەڕ . 2725

سەر لەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە، فرۆکە شەڕکەرەکانی بی دووی ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، بنکەی ئەتۆمی فۆردۆی ئێرانیان کردە ئامانج، دوای هێرشەکە سەرۆککۆماری ئەمریکا بەکورتی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان نووسی:"فۆردۆ خاپوور کرا."

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند ئەو هێرشانەی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە بووە. نەتانیاهۆ وتیشی پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران بوونی ئیسرائیل و ئاشتی جیهانیان خستبووە مەترسییەوە. ئەو سوپاسی ترەمپی کرد و، وتیشی ترەمپ هاورێیەکی کەم وێنەی ئیسرائیلە.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند دەکات، لە بەئامانج گرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگرە، هەتا هاتنەدەر لە رێکخراوی ئێن پی تی. بەڵام دوای لەناوچوونی فۆردۆ ژمارەیەک سیناریۆش لەئارادان. ئاموس یادلین، سەرۆکی پێشووی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکای وتووە: "ئەو هێرشەی ئەمریکا دەتوانێ هاندەرێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت." بەرای ئاموس، یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە، تاران ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەرببرێت و رایبگەیەنێت کە چیتر نایەوێ یۆرانیۆم بپیتێنێت.

بژاردەکانی تۆڵەکردنەەوی ئێران
ئێران لەبەرزترین ئاستدا و لەنێویاندا عەلی خامنەیی رێبەری ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، لەئەگەری ئەوەی ئەمریکا راستەوخۆ بێتە ناو شەڕەکە بەتووندی وەڵامی دەدەنەوە. ئەگەر تاران بیەوێ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچە بکاتە ئامانج، وەڵامی ئەمریکا جیاوازترو تووندتر دەبێت، هەر وەکوو ترەمپ ئەمرۆ دووپاتیکردەوە.

باراک راوید، رۆژنامەوانی ئیسرائیل بە سی ئێن ئێن-ی وتووە، یەکێک لە بژاردەکان هێرشی موشەکی ئێران بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەیە، هاوکات گرتنی گەرووی هۆرمز یەکێکی دیکە لە بژاردەکانەو بەرای راوی دەتوانێ گرفتێکی گەورە بۆ بازرگانی دەریایی دروست بکات و کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان دابێت.

لەیەکەم کاردانەوەدا جگە لە هەڕەشەی هاتنەدەر لە ئێن پی تی، ئێران هۆشداری بە هەموو هاووڵاتیانی ئەمریکا لە ناوچە داوە، کە ئامانجی ئەوانن. لەگەڵ ئەوەش تاران لەبەردەم دووڕییانییەکی قورس دایە، یەکەم لەسەر دارووپەردووی فۆردۆ بۆ مانەوەی رژێم گفتوگۆ بکات و تەسلیم بوونی خۆی رابگەیەنێت، یان لەگەڵ ئەمریکا بکەوێتە شەڕێکی بەرامبەر یەک. ئارون دەیڤید میلەر، شرۆڤەکاری سی ئێن ئێن لەسەر ئەو باوەرەیە خامنەیی ناتوانێ کاردانەوەی نەبێت، بە باوەری ئەو جارێ نازانین کاردانەوەی ئێران چۆن دەبێت، بەڵام ئەوە کۆتایی چیرۆکەکە نیە.