کۆبوونەوەی سێ وڵاتی ئورووپا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بەبێ ئەنجام کۆتایی پێهات، هیچ پێشنیارێکی نوێ باس نەکراوەو ئورووپاییەکانیش دەڵێن، تاران دەبێ بەبێ مەرج و داواکاری دەست بە دانووستاندن بکات. ئەمرۆ هەینی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئاڵمان لە ژنێڤ لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بووەو ئورووپاییەکان بە نوێنەری ئێرانیان وتووە، چاڵاکییە ئەتۆمییەکانیان هیچ پاساوێکی ئاشتیخوازانەی نیە. دوای گفتوگۆکان دەیڤید لمی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئورووپاییەکان ئامادەن درێژە بەگفتوگۆکان بدەن، لمی راشیگەیاند ئێران نابێ دەستی بە چەکی ئەتۆم رابگات و هەموو لایەکیش لەسەر ئەوە کۆکن. هاوکات یوهان وادهپول وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، گفتوگۆکانی ئەمرۆ لەگەڵ نوێنەری ئێران زۆر جیدی و هەندێک کاتیش تووند و راشکاو بووە. ژان نوئێڵ باروو وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەکە داوای لەلایەنی ئێرانی کرد، بەبێ وەستان و بەپەلە بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، بگەرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان. ئەو سێ وڵاتە دواتر لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ نوێنەری یەکێتی ئورووپا دووپاتیانکردەوە کە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران هیچ پاساوێکی ئاشتیانەی نیەو پێشێڵکردنی هەموو بڕگەکانی رێککەوتنی ئەتۆمییە و، داواش لە ئێران دەکەن بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکان هەنگاوی کردارەکی بهاوێت. دوای گفتوگۆکانی ژنێڤ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، مادام هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن، ئامادە نین لەگەڵ هیچ لایەنێک دانووستاندن بکەن. عێراقچی دووپاتیشیکردەوە کە پرۆژە ئەتۆمییەکانیان ئاشتیخوازانەیەو لەژێر چاودێری ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دایە. لارسن نۆرمەن رۆژنامەنووسی وال ستریت ژورنال دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، کۆبوونەوەی عێراقچی و ویتکاف بەو زووانە ئەنجام نادرێت، چوونکە تاکوو ئێستا ئێران ئامادە نیە، واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت و ئەوەیان لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ ئورووپاییەکانیش دووپاتکردووەتەوە. هاوکات ماڵپەری ئەکسیوسی ئەمریکاش سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئورووپاییەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ لایەک پێشنیاری نوێیان نەبووەو کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووەو پێ ناچێت، بەردەوامیش بێت.