ئەو شەڕەی ئێستا لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە، سێ سوودی گەورەو زیانێکی گەورەتری بۆ کرملین هەیە، چاودێرێکی رووسی دەڵێ ئەو شەڕە دەرفەتەکانی لە زیانەکانی بۆ رووسیا زۆرترن. ئەو کاتەی سەرلەبەیانی رۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردان ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێکرد، بەشێک لە پسپۆرو چاودێرە رووسەکان پێیانوابوو، ئەو شەڕە دەرفەتێکی کەم وێنە بە رووسیا دەدات. کۆنستانتین مالوفیف چاڵاکوان و سەرمایەداری دیاری رووسی بە ماڵپەری یۆرۆنیوزی وتووە، ئەو دۆخە دەرفەتێکی باشی بە رووسیا داوە کە لەگەڵ بەردەوامی شەڕ لەدژی ئۆکرانیا، خۆی وەکوو ئەکتەرێکی دیپلۆماسیی یەکلاکەرەوە نیشان بدات. بەرای ئەو رووسیا تەنیا یەکێک لەو دگمەن وڵاتانەیە کە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ هەر سێ لایەنی شەڕەکە واتە ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە. هەر زووش پەیوەندی بە سەرۆکی هەر سێ لا کردووە. سێ دەرفەتی ئاڵتوونی بۆ کرملین شرۆڤەکارانی رووسی پێشبینی ئەوە دەکەن، شەڕی ئیسرائیل و ئێران سەرنجەکانی جیهان لە شەڕی ئۆکرانیا بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆرێت. هاوکات سوودێکی دیکەشی بۆ رووسیا ئەوە دەبێت، بە ئەگەری زۆر ئەمریکا سیستەمە دژە مووشەکییەکانی ناوچەکە بۆ پاراستنی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی عەرەبستان، ئیمارات و قەتەر دەگوازێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەوەش کاریگەری لەسەر سیستەمی دژە مووشەکی رۆژئاواییەکان لە میحوەری شەڕی ئۆکرانیا دادەنێت. بەڵام گەورەترین و گرنگترین سوودی رووسیا کە دەتوانێ لەو شەڕە بەدەستی بهێنێت، زیادبوونی نرخی نەوتی ئۆرالی رووسیایە، بەپێی راپۆرتی رۆیتێرز، هەر ئێستاش نرخی ئەو نەوتە لە بەرمیلی ٦٠ دۆلار بەرزترە، لەکاتێکدا وڵاتانی جی حەوت نەیاندەویست بگاتە ئەو نرخە. ئەوەش دەتوانێ توانایی دارایی مۆسکۆ بۆ بەردەوامیدان بە شەڕی ئۆکرانیا زیاتر بکات. لەگەڵ ئەوەش ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی ئێران نەگاتە بازارەکانی جیهان، وڵاتی چین لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە نەوتی رووسیا دەبێت، ئەوەش مۆسکۆ و پەکین لەیەکتر نزیکتر دەکاتەوە. هەڕەشەکانی ئەو شەڕە بۆ کرێملین بەئەگەری یەکجار زۆر ئەو شەڕەی ئیسرائیل لەدژی ئێران دەستیپێکردووە، کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەهێنێت، کرێملین لەوە دەترسێ کە نیزامی سیاسیی لە وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمانی بگۆردرێت و بەمشێوەیە بەڕەی دژە رۆژئاوایی کە خۆی سەرکردایەتی دەکات، لاوازتر لەجارانیش بکرێت. لەدوو رۆژی رابردوودا بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دیارە کە دەیانەوێ رژێمی ئێران بگۆرن، ئەوە وا دەکات تارانیش وەکوو عێراق، لیبی و سوریە لەکرێملین دوور و لە کۆشکی سپی نزیک ببنەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی رووسیا دادەنێت. بەپێی راپۆرتەکەی یۆرۆنیوز رووسیا هەست بە لاوازی و سووکایەتییەکی زۆر دەکات، چوونکە یەکێکی دیکە لە هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەژێر هێرشێکی چڕی ئاسمانی دایە. هەربۆیە ڤیلادیمیر پۆتین هۆشداری بە ئەمریکا داوە، کە راستەوخۆ نەچێتە ناو ئەو شەڕە. لەگەڵ ئەوەش کرێملین هیچ کات بەشێوەی بەرگری سەربازی نەچووەتە پشت ئێران، ئێستاش هەوڵ دەدات، سوود لە دەستکەوتەکانی وەربگرێت و خۆشی بۆ زیانەکانی لەداهاتوودا ئامادە بکات.