16 . جۆزەردان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

تێبینیی و نیگەرانییەکان لەسەر فێستیڤاڵی هەڵپەرکێی بانە

تێبینیی و نیگەرانییەکان لەسەر فێستیڤاڵی هەڵپەرکێی بانە
13 . جۆزەردان . 2725

راپۆرتی تایبەتی رۆژهەڵات نیوز

شەشەمین فێستیڤالی هەڵپەرێکی بانەش تەواو بوو، ئەمجارەش رای جیاواز لەسەر ئەو فێستیڤاڵە هاتە ئاراوە، لە بردنەوەی هەڵپەرکێ بۆ ناو هۆڵی داپۆشراوەوە بگرە، هەتا بەپیاوانە کردنی هەڵپەرکێ و لەناوەرۆک کەواندنی فەڵسەفەی هەڵپەرکێی کوردی.
ئەمساڵ شەشەمین فێستیڤاڵی هەڵپەرکێی بانە، ناوی نێونەتەوەیشی بەخۆیەوە گرتبوو. چوونکە جگە لە ١٠ گروپی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، ٢ گروپ لە باشووری کوردستان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستانیش‌ بەشدار بوون.

بەشداربووان بریتی بوون لە ئیلامیانی ئیلام، کوردستانی بانە، داڵاهۆی تاران، چیای سەقز، چیکسای خوراسان، رۆژ مەرگەوەری ئورمیە، پشتوێن شلی سنە، گۆڤەندی ئورمییە، دانیکەشی مەریوان، هەتاوی مەهاباد و گروپی هونەرە جوانەکانی دۆک و گروپی گۆڤەندی رەرزەوی باژێری جۆلەمێرگ. ناوبژیوانانی فستیڤاڵەکەش بریتین بوون لە رابەر کوردستانی، قوتبەدین سادقی، ئەحمەد تەوەکولی، کاوە موعینفەرو عەبدوڵکەریم شروش بوون.

لەم فستیڤاڵەدا بڕیار درابوو، گروپی یەکەم و دووەم و سێیەم هەڵنەبژێدرێن، بەڵکوو هەموو ئەوانەی مافی نمایشکردنیان پێ دەدرێ، وەکوو بڕاوە سەیر بکرێن. ئەحمەد تەوەکولی یەکێک لە ناوبژیوانەکان هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەراندووەتەوە، کە نایانەوێ فێستیڤاڵی هەڵپەرکێی بانە ببێتە کێبەرکێ و بەڵکوو دەیانەوێ نمایش و لە پانێلی جیاوازیشدا توێژینەوەکان بڵاوبکرێنەوە.

تێبینییەکان لە شەشەم فێستیڤاڵی هەڵپەرکێی بانە، هەر لە بەرێوەبەرەکانییەوە دەستی پێکرد، رابەر کوردستانی یەکێک لە بەرێوەبەرانی رایگەیاند، ئەمساڵ پشتیوانی داراییان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان نەبووەو لەکۆتا ساتەکاندا توانیویانە لەلایەن هەندێک بەرپرسی پارێزگا و شاری سەقز و سەرمایەدارانی شار یەک میلیاردو ٣٠٠ ملیۆن تومەن کۆبکەنەوەو ئەوەش بۆ بەرێوەبردنی ئەو فستیڤاڵە یەکجار کەم بووە، چوونکە زیاتر لە ٢٠٠ میوانی ناوخۆیی و دەرەکی بەشدار بوونە.

بەڵام نەخنە ناوەرۆکیی و تەنانەت سیاسییەکان لەو فێستیڤاڵە کەم نەبووە. چاڵاکوانێکی مەدەنی و کەڵتووری شاری بانە کە ناوی لای رۆژهەڵات نیوز پارێزراوە، بە رۆژهەڵات نیوزی وت:" ئەو فێستیڤاڵە چەند ساڵێکە بەردەوامەو زیانێکی زۆری لە جەوهەرو ماهیەتی هەڵپەرکێی کوردی داوە." بەگوتەی ئەو لەناو کەڵتووری کوردەواریدا هەڵپەرکێی بەبێ ژنان هیچ واتا و مانایەکی نیە، هەڵپەرکێی یانی ژنێک و پیاوێک بەیەکەوە هەڵپەرن، بەڵام ئەو فستیڤاڵە تەواو پیاوانەیە. ئەو چاڵاکوانە پێیوایە، هەتا رادەیەکی زۆر هەڵپەرکێ لە فێستیڤاڵی هەڵپەرکێی بانە، فەڵسەفەی خۆی لەدەستداوە، چوونکە بەرێوەبەران و لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکانیش دەیانەوێ، هەڵپەرکێ لە حاڵەتی حەماسی و رەزم و پێناسەی یەکسانی ژنانەو پیاوانە خاڵی بکاتەوەو تەنیا دەیانەوێ‌ کات و ساتێکی بۆ بەزم و هەڵپەرین پێ پڕ بکەنەوە.

سەبارەت بەو تێبینییە، سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بەرێوەبەرانی کە نەیویست ناوی بهێندرێت، بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، کە ئەوان هەموو رەهەندەکانی هەڵپەرکێی کوردیان لە پانێل گەلێکی زانستی لە بەشی توێژینەوەکان بڵاوکردووەتەوەو کەسانی وەکوو قوتبەدین سادقی لەپانێلەکاندا بەقووڵیی چووەتە ناو باسەکە. بەوتەی ئەو دۆخی ئێستای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رێگەی ئەوەیان پێ نادات کە هەڵپەرکێی رەش بەڵەک یان گەنم و جۆ لە شوێنی گشتی بڵاوبکەنەوە.

هاوکات رەخنەیەکی دیکە لەو فێستیڤاڵە ئەوە بوو، کە ئەمجارەیان کەرناڤاڵی ناو شاریان تەنیا لە رۆژی یەکەم بۆ ناساندنی گروپەکان هەبووەو کۆی فێستیڤاڵەکە چووەتە ناو هۆڵی سەر داپۆشراو. لەگەڵ ئەوەش پێشوازی خەڵکی شاری بانەو رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت هەبوونی ژنان لە سەر سەکۆی بەشداربووان، هەتا رادەیەک ئەو بۆشاییەی پڕکردبوویەوە.