ڤییەن، ٣ی ژوئەن (رۆیتێرز)- پشکێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە چاودێری بنکەی ئەتۆمی فۆردۆی ئێرانیان کردووە، ساڵی رابردوو هەستیان بە بۆشاییەک لە پرۆسەی چاودێرییەکەیان کردووەو دەڵێن بارهەڵگرێکی پڕ لە سانترفیوژی پێشکەوتووی پیتاندنی یۆرانیۆم چووەتە ناو فۆردۆ، لەکاتێکدا ئەوان ئاگاداری نەبوونە. بەرپرسێکی ئاگادار و چاودێریکردنەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆیتێرزی گوتووە، ئاگاداری ئەو سەدان سانترفیۆژە زیادەیە نین کە لە بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ جێگیر کراون و نازانن لەکوێوە هاتوون. بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتێرز ئەو زانیاریانە دەریدەخات کە دوای هاتنە دەری دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ چاودێرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران سنووردار کراون. راپۆرتە وەرزییەکانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دەریدەخات، خاڵی ناروونی زۆر لە سەر سانترفیوژەکان و شوێنی راگرتنیان و پارچەی دیکەی بنکەی ئەتۆمییەکان هەیە، هاوکات ئەژانسەکە مافی چاودێریکردنی لەناکاوی لەبنکەکان نەماوەو هەمووی دەبێ پێشتر لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەماهەنگ بکرێت. ئەو راپۆرتەی رۆیتێرز لەکاتێکدایە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، نامەو پێشنیارەکەی ئەمریکا پڕییەتی لە خاڵی ناروونەو قبووڵکراو نیە، بڕیارە ئێران وەڵامی نامەکەی ترەمپ بداتەوەو پێشنیارەکانی رەتبکاتەوە. هاوکات ئێوارەی رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە رێگە نادەن ئێران لەهیچ ئاستێکدا یۆرانیۆم بپیتێنێت.