راپۆرتی تایبەتی رۆژهەڵات نیوز یەکەم فێستیڤاڵی قەڵەمی هەژار لە زانکۆی کوردستان-سنە لەلایەن بەشێک لە چاڵاکوانانی مەدەنی و نووسەرو ئەدیبانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتە بەر رەخنەی تووند، ئەوان دەڵێن نووسەرو کەسایەتییە مەدەنییەکانی کوردستان بۆ بانگەشەکردن بۆ وێژمانی رژێم بەکارهێندراون. یەکەم فێستیڤاڵی قەڵەمی هەژار کە چەند ساڵێک بوو ئامادەکاری بۆ دەکرا، لەکۆتاییدا بۆ ماوەی دوو رۆژ لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بەرێوەچوو. ئامادەکاریی و خەرجێکی زۆر بۆ بەرێوەچوونی ئەو رێورەسمە کرابوو، بەشێوەیەک بەشی بەرچاوی نووسەرو ئەدیبانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کوردەکانی دانیشتووی خوراسان و لەبەشەکانی دیکەی کوردستانیش بانگ کرابوون و بەشی زۆریشیان بەشداریان کردبوو. ئەگەرچی بەشێک لە بەشداربووان رۆژی پێشووتر لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بە خۆشییەوە باسیان لە هەبوون و بەشداریان لە فێستیڤاڵی قەڵەمی هەژار دەکرد، بەڵام بە شێوازی بەرێوەچوونی رێورەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە لە رۆژی یەکەمەوە دیار بوو، کە ئەو دڵخۆشییە کاتییەو نیگەرانی و رەخنەکان دەستپێدەکەن. لە رێورەسمی کردنەوەدا، حەداد عادڵ سەرۆکی فەرهەنگستانی فارسی پەیامێکی ڤیدیۆیی ناردبوو و بڵاوکرایەوەو تێیدا زۆری بە شاخ و باڵی فەرهەنگی باڵای ئێرانی هەڵکوت و راشیگەیاند کە زمانی کوردیش وەکوو زمانێکی قەومی و مەحەلی بەشێکە لە فەرهەنگی ئێرانی. هاوکات هەر رۆژی یەکەم پارێزگاری سنە، جێگری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئێرانیش هەر لە راستای قسەکانی حەداد عادڵ قسەیان کرد. بەشی زۆری نیگەرانیی و تووڕەبوونەکان هی رۆژی یەکەم بوو، بەڵام شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نووسەرو بەرهەمەکان لەرۆژی دووەمدا دڵگرانییەکی دیکەشی لەلایەن بەشێک لە نووسەرە دیارەکانی کوردستان دروستکرد. دوای تەواو بوونی فێستیڤاڵی قەڵەمی هەژار، ئیتر رەخنەو هەڵوێستەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەدەبی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەستی پێکرد. سەرەتا عەلی ئۆڵفەتی شاعیری دیاری شاری کرماشان لە پەیامێکدا رایگەیاند کە ئەو رێزلێنان و خەڵاتەی لە رێورەسمی قەڵەمی هەژار پێیان داوە، رادەستی بەرێوەبەرانی دەکاتەوە. ئەو وتیشی لەکاتێکدا شاعیران هۆکاری پاراستنی زمانی کوردین، بەڵام گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە. دوای بڵاوبوونەوەی پەیامی ماموستا عەلی ئۆڵفەتی یونس رەزایی شاعیری دیاری شاری بۆکان لە ئەکاونتی خۆی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان شێعرێکی پێشکەشی دکتور فاتح سەعیدی و دکتور عەلی ئۆڵفەتی کرد و لەسەرەتای شێعرەکەدا ئاوا نووسرابوو: "ئێمە هەموومان دانیشتین بەدیار مەیتی نیشتمانەوە کە گورگ بۆنیان دەکرد تا ئەوکاتیش جیاوازی گورگ و سمۆرەمان نەزانیبوو مەخابن". دوای بڵاوکردنەوەی ئەو شێعرە، هەر یەکە لە یونس رەزایی شاعیر و لەیڵا ساڵحی نووسەری دیاری شاڕی بۆکانیش لە پەیامێکی هاوبەشدا خەڵات و رێزلێنانی قەڵەمی هەژاریان رەتکردەوە. ئەوان لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەیان بەوەدا بوو کە فێستیڤاڵەکە گرنگی بە "شێعر" و "ئەدەبی منداڵان" نەداوەو پرۆسەکەش ناڕوون و نائاکادیمیی بووە. ئەو دوو نووسەرە لە بەشێکی دیکە لە پەیامەکەیاندا ئاماژەوەیان بەوە داوە:" بەو بۆنەوە کە رەنگە بەهۆی بەشداریکردنی ئێمە لەو خەڵاتەدا و چوونی ئێمە، زۆر هاورێی نووسەرو شاعیر متمانەیان کردبێ و پێیان لەجێگا پێی هەڵەی ئێمە نابێ، داوای لێبووردن لە هەموو ئەدیبان و نووسەران و بەتایبەت شاعیران و چاڵاکانی بواری ئەدەبی منداڵان دەکەین." جگە لەو سێ نووسەرە، دەیان چاڵاکوانی دیکەش لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی تووندیان لەو فێستیڤاڵە گرتووە، هاوکات چاڵاکوانێکی مەدەنی و ماموستایەکی فێرگەکانی زمانی کوردی کە ناوی لای رۆژهەڵات نیوز پارێزراوە، بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، هەر لەناو شاڕی سنە دەیان ماموستای خۆبەخشی زمانی کوردی کە هۆکاری زیندوومانەوەی ئەو زمانەن، تەنیا بەهۆی ئەوەی هاوئاراستەی سیاسەتەکانی رژێم نەبوون و نابن، بانگهێشتی فێستیڤاڵی قەڵەمی هەژار نەکراون، لەکاتێکدا ماموستا هەژار ئەگەر ناسڕاوە، بەهۆی گرنگیدان بە زمانی کوردی ناسڕاوە. ئەو چاڵاکوانە بۆ رۆژهەڵات نیوزی روونکردەوە، کە بەشێک لە دڵسۆزانی وەکوو ماموستا شەریف حوسێن پەناهیش کە بانگکرابوون، تەنیا بۆ ئیعتبار وەرگرتن بۆ رێورەسمەکە بووەو یەک کەسیان زاتیان نەکردووە، بە یەک وشەش سوپاسی ماموستا شەریفێک بکەن، کە زمان و وێژەی کوردستان پێی قەرزدارە. هاوکات لەسەر خودی ئەو کەسانەی خەڵاتیش کران، تێبینی زۆر لەلایەن چاڵاکوان و ئەدیبانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، بۆ نموونە پێدانی خەڵاتی قەڵەمی هەژار بە کەلیموڵڵا تەوەحودی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. سەروەت سۆهرابی نووسەرو چاڵاکوانی مەدەنی شاری سنە نووسیویەتی:" کەلیموڵڵا تەوەحودی زەحمەتی زۆری بۆ نووسینی مێژوو و کۆکردنەوەی فۆڵکلۆری کوردی خۆراسان کێشاوە، بەڵام دواجار هەموو ئەو زەحمەتانەی خستووەتە خزمەتی ئەوەوە کە بڵێت کوردی خوراسان مەرزادارنی غەیوری ئێرانین کە بەزۆرەمڵی کۆچیان پێنەکراوە، بەڵکوو بە شانازییەوە رۆیشتوون سەربەخۆیی ئێرانزەمین بپارێزم!!" سەروەت سۆهرابی کە خۆی لە هۆڵی رێورەسمەکەدا بەشداربووە، پێیوایە زانکۆی کوردستان لەژێر کاریگەری کۆنگرەی ساڵانی رابردووی ناودارانی کورد و هاوکات بنەماڵەی بارزانی کە چەند ساڵ لەمەوپێش کەڵیمۆڵڵایان خەڵات کرد، دابوونەو نایانهەوێ بزانن کە خەڵک لە بەرێز کەلیموڵڵا ورد ببنەوەو بزانن چی دەڵێ. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نارەزاییانە، ماموستا موژگان کاووسی ئەدیب و چاڵاکوانی ناوداری مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێکی دوورودرێژی بڵاوکردەوەو هۆکارەکانی پەشیمانبوونی خۆی لە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی قەڵەمی هەژار ڕوونکردەوە. ماموستا موژگان پەیامەکەی بەو شێعرەی ماموستا هەژار دەستپێکردووە: "بەکوردی دەژیم بەکوردی دەمرم بەکوردی دەیدەم وەڵامی قەبرم بەکوردی دیسان زیندوو دەبمەوە لەو دونیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە" موژگان کاووسی نووسیویەتی:" دەبێ ئەوە سەرەتایەک بێ، بۆ ئەوەی ئێمە لەپێناو بەرژەوەندییەکی پەراوێز لەو جۆرە رێورەسمانەدا بەشداری نەکەین و، ئەو بوێرییەم هەیە کە بڵێم، خۆزگە بەشداریم نەدەکرد." بە وتەی ئەو نابێ جارێکیتر رێگە بدەین، کەسایەتییمان بۆ وێژمانی باڵادەستی خەرج بکرێت، لەکاتێکدا خۆمان لەدژی ئەو وێژمانە بەرخۆدان دەکەین." ماموستا موژگان لە روونکردنەوەکەیدا باسی لەوە کردووە کە بەداخەوە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکە بابەت گەلێک باسکرا، کە نیگەران و تووڕەی کردم، هەربۆیە رۆژی دووەم بەشداریم نەکرد. هاوکات داواش لە زانکۆی کوردستان دەکات :"ئەگەر دەتانەوێ چاڵاکوانانی مەدەنی کە لەبەرامبەر وێژمانی باڵادەستن، لەگەڵتان بن، دەبێ پێداچوونەوە بە شێوازی بەرێوەبردنی چاڵاکییەکانتان بکەن. سەردەمی "یەک لەناڵدان و یەک لە بزماردان" لەرۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی پێهاتووەو تەنیا کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان لەخۆتان دوورتر دەکەنەوە." ماموستا موژگان لەبەشێک لە پەیامەکەیدا بە ڕاشکاوی رەخنە لە بەرێوەبەرانی فێستیڤاڵی قەڵەمی هەژار دەگرێت و دەڵێ بەرپرسانی زانکۆی کوردستان رێگەیان لە بڵاوبوونەوەی پەیامی حەداد عادڵ نەگرت، چوونکە ئەو کەشە شوێنی ئەو ئەدەبیاتە باڵادەستییە نەبوو. هەربۆیە بەرای موژگان کاووسی شێوازی بەرێوەچوونی فێستیڤاڵی قەڵەمی هەژار درزی خستە نێوان ئەوانەی هاووێژمان بوون و هاوکات بۆشایی نێوان رووناکبیرانی رۆژهەڵات و زانکۆشی زیاتر کرد. لەکۆتایی پەیامەکەیدا ماموستا موژگان دەڵێ:" هۆکاری بەشداری ئێمە بێ ئاگایی لە دەرهایشتەکانی دوایی نەبوو، ئەو وەهمەش نەبوو کە بتوانین ئەوپەری کاریگەری خۆمان لەسەر بەرێوەچوونی رێورەسمەکە دابنێین، بەڵام ئەو ریسک و بوێرییەمان بەکارهێنا بۆ ئەوەی لانیکەم کاریگەرییەکی کەمی خۆمان لەسەر کەشی فێستیڤاڵەکە دابنێین و ئەو کارەشمان کرد. ئێمە لەپەراوێزەکەدا هاوفکر و هاووێژمان و هاورێی باشمان دۆزیەوەو گفتوگۆی خۆمان لەسەر وێژمانەکەمان و شێوازی بەرێوەبردنی کرد." تاکوو ئێستاش کاردانەوەکان بەرامبەر یەکەم فێستیڤاڵی قەڵەمی هەژار لە زانکۆی کوردستان-سنە بەردەوامە، بەڵام ئەو راپۆرتە بەو ستۆرییەی ماموستا ئیدریس مینبەری کۆتایی پێدەهێنین:"ئەوەی ئەوان بە قەڵەمەکەتان کردیان، بەچەک نەیانکردبوو."