14 . جۆزەردان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بە مەبەستی درووستکردنی چەکی ئەتۆم هەیە

ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بە مەبەستی درووستکردنی چەکی ئەتۆم هەیە
11 . جۆزەردان . 2725

ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکی نهێنیدا کە نوسخەیەکی دەست هەواڵدەری ئاسۆشیتێدپرێس کەوتووە، رایگەیاندووە کە ئێران رێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی زیادکردووەو داوا لە تاران دەکات، بەپەلە دەست رابگرێت.

بەپێی راپۆرتەکەی ئەژانس کە هێشتا بەفەرمی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئاسۆشیتێدپرێس هەموو نوسخەکەی دەستکەوتووە، ئێران زیاتر لە ٤٠٦ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پێتێندراوی بەدرێژەی ٦٠ لەسەد هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە ئەو رێژەیە بەراورد بە راپۆرتی پێشووی ئەژانس ١٣٤ کیلۆگرام زیادیکردووە.
هەر بەپێی ئەو راپۆرتە، ئێران تەنیا وڵاتێکی جیهانە، یۆرانیۆم بەو رێژەیە دەپیتێنێت، ئەو رێژەیە مەودایەکی زۆر کەمی بۆ رێژەی ٩٠ لەسەد هەیە، کە بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆم بەکاردێت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نوسخەی نهێنی ئەو راپۆرتە هەر زوو لایەنی ئێرانی هاتەسەر خەت و بە هەڕەشەکردن و تۆمەتبارکردنی ئەژانس و وڵاتانی ئورووپایی دەستیان پێکردووە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، راپۆرتەکەی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەژێر کاریگەریی وڵاتانی دیکەدایەو راپۆرتێکی سیاسییە. عێراقچی هۆشداری بە سێ وڵاتی ئورووپایی دەدات و دەڵێ کاردانەوەیەکیان هەبێ، لایەنی ئێرانیش وەڵام دەداتەوە. تاران لەوە دەترسێت، هەر یەکە لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئاڵمان میکانیزمی سنەپ باک (مکانیزم ماشە) چاڵاک بکاتەوە.

هاوکات کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاندووە، راپۆرتەکەی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی هەڵەی ئیسرائیلییەکان نووسراوە.

چاوەرێ دەکرێت، بەزوویی ئەو راپۆرتە لەلایەن رافائێل گروسی سەرۆکی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بڵاوبکرێتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی تاران و واشنتن دادەنێت، هاوکات لایەنی ئێران لەوە دەترسێت، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە ئورووپاییەکانی بەشدار لەرێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ خاڵی سنەپ بەک (میکانیزم ماشە) چاڵاک بکەنەوە، ئەوەش سەرجەم گەمارۆکانی سەر ئێران بەشێوەی ئۆتۆماتیک دەگەرێتەوەو دۆسییەکە دەچێتەوە ئەنجوومەنی ئاسایش و بەئەگەری زۆریش ئێران بچێتەوە ژێر فەسڵی حەوتی ئەنجوومەنەکە.