راپۆرتی تایبەتی رۆژهەڵات نیوز ماوەیەکە مەلا ساڵەی دەمامە لەسەر لێدوانە تووند و نا مرۆڤانەو نا نیشتمانییەکانی بووەتە جێگەی قسەوباسی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لە سوشیاڵ میدیا. مەلا ساڵە زمانی لەهیچ ناپارێزێت و بەوتەی شایەتحاڵێکی خەڵکی بانە، نەک مرۆڤەکان بەڵکوو ئاژەڵەکانیش لە زمانی ئەو لە ئاماندا نین. دوای ئەوەی مەلا ساڵە هێرشی کردە سەر کۆڵبەران و بە بێ دین و تیرۆریست ناوی بردن، جارێکیتر کاردانەوەی زۆری لە ناو رای گشتی لێکەوتەوە. رۆژهەڵات نیوز بەدواداچوونی بۆ کەسایەتیی و هۆکاری ئەو باسانەی مەلا ساڵە کردووەو سێ کەس کە لەشاری بانە قسەیان بۆ رۆژهەڵات نیوز کردووە، زانیاریی وردیان لەسەر ئەو مەلا بێزراوە بۆ باس کردووین. مەلا ساڵەی دەمامە، پێشنوێژی مزگەوتی گەرەکی دەمامەی شاری بانەیە. چاڵاکوانێکی مەدەنی شاری بانە کە ناوی لای رۆژهەڵات نیوز پارێزراوە، رایگەیاند مەلا ساڵە هەتا ئاستێکی زۆر هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتیی و پێشکەوتنیش، هەربۆیە ماموستایانی ئایینی دیاری شاریش رەخنەی تووندیان لێی هەیە. مەلا ساڵە دەیان بابەتی سەیرو سەمەرەو دوور لە ئینسانییەتی ورووژاندووە. لەوانە دژی خوێندنی کچانە، دەڵێ نابێ ژنان بچنە لای دکتوری پیاو و تەنیا دەبێ بچنە لای دکتوری ژن و …هتد. ئەو چاڵاکوانە بۆ رۆژهەڵات نیوزی وت کە مەلا ساڵە پرۆژەو پیلانەکانی رژێم لەکوردستان جێبەجێ دەکات، چوونکە زۆرکات ئەو باسانەی پێشتر لە میدیایی فەرمی ئێران باس دەکرێن، ئەویش دێت دەیانکاتە مەوزووعی وتاری نوێژی هەینی. بۆ نموونە هەر ئەو باسەی چوونی ژنان بۆ لای دکتوری ژن، کە پێشتر ماڵپەری فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسداران باسی کردووە. ماموستایەکی قوتابخانەی شاڕی بانە بە رۆژهەڵات نیوزی وت کە سەڵەفییەکانی دەورووبەری مەلا ساڵە بەرادەیەک بێ تامیان کردووە، کە هەڕەشەی کوشتنیان لە کچێکی قوتابی کردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی لە دوکانێکی جڵوبەرگ کاری کردووەو مۆدێلی جلوبەرگەکانی دیزاین کردووە، تەنانەت خاوەن دوکانەکەیان ناچارکردووە کە ئەو کچە دەربکات. چوونکە بە خاوەن دووکانەکەی وتووە کە هەم خۆت و هەمیش ئەو کچە دەکوژین. چاڵاکوانێکی ژینگەپارێزی شاری بانەش بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، جگە لە مرۆڤەکان تەنانەت ئاژەڵانیش لەبەردەم زمانی مەلا ساڵە پارێزراو نین. ئەو دەڵێ ئەو مەلایە لە چەندین وتاری هەینی-دا داوای کوشتنی سەگەکانی کردووەو بە نەجیس و پیس ناوی بردوون. هەر بۆیە رۆژانە بەتایبەت لە جادەی بانە بۆ سەردەشت و ئەو شوێنەی زبڵی شاری لێ کۆدەکرێتەوە، دەیان سەگ لە لایەن خەڵک دەکوژرێن و لایەنگرانی مەلا ساڵە بە ئەنقەست و بە ئۆتۆمبێل خۆیان بە سەگەکاندا دەکێشن و دەیان کوژن. بەداخەوە رۆژانی هەینی خەڵکێکی زۆر لە وتاری مەلا ساڵەدا بەشداری دەکەن، سەبارەت بە هۆکاری قەرەباڵغبوونی مزگەوتەکەی چاڵاکوانێکی مەدەنی بۆ رۆژهەڵات نیوزی روونکردەوەو وتی یەکەم سەڵەفییەکانی بانەو دەورووبەری مەلا ساڵە بە دمڕاستی خۆیان دەزانن و پشتیوانی لێدەکەن، هاوکات ئەو مەلایە سەرفترەو زەکات و بەڕات لە خەڵک وەرناگرێت و ئەوەش سرنجی خەڵکی راکێشاوە. بەڵام مەلا ساڵە بەچی دەژیت؟ ئەو چاڵاکوانە ئاشکرایکرد، حکومەت مانگانەیەکی بۆ دیاریکردووە، هاوکات سەڵەفییەکانی ناوخۆیی و هەرێمی پشتیوانی دارایی دەکەن و تەنانەت باغێکی گەورەی گوێزی لە جادەی نێوان بانە بۆ مەریوان هەیەو داهاتێکی زۆریشی هەیە. بەرای ئەو چاڵاکوانە لەزۆر لاوە و بەتایبەت رژێم و سەڵەفییەکان یارمەتی دەکەن، چوونکە لەلایەن بەدڵی سەڵەفییەکانەو لەلایەکی دیکەشەوە ئێستا کە حکومەتی ئێران ناتوانێ لەکوردستان گەشتی ئیرشاد دابنێتەوە، لە مەلای وەکوو مەلا ساڵە بۆ هەڕەشەکردن و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتیی کەڵک وەردەگرێت. زمان و دمشرییەکانی مەلا ساڵەی دەمامە روحمی بە ماموستایانی قوتابخانەش نەکردووەو تۆمەتی ئەوەی لە ماموستایانی شاری بانە دابوو کە سوود خۆرن و پولیان خستووەتە ناو بانکەکان و سوودەکەی دەخۆن. ماموستایانی قوتابخانەکانی بانە واژۆیان کۆکردەوە کە سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن، بەڵام حکومەت پشتگیری مەلا دەکات و ماموستایان سەرنەکەوتن. مەلا ساڵە کۆڵبەرەکانی بانە بە مەشروب فرۆش و کافرو بێ دین و تیرۆریست ناو دەبات. ئەوەش گڵۆپی سەوزە بۆ رژێم کە هەر دەست نەپارێزێت. شایەتحاڵێکی دیکەی شاری بانە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند:" تەنانەت ساڵی رابردوو کۆڵبەرێک کە لەسنووری هەنگەژاڵی بانە کوژرابوو، مەلا ساڵە رێگەی نەدا تەرمەکەی لە مزگەوتەکەی ئەو بشۆردرێت و پرسەو سەرەخۆشی بۆ دابنێن. ئەویش بەو بیانووەی کە وتبووی کۆڵبەرەو مەشرووبی هێناوە." ئەو چاڵاکوان و شایەتحاڵانەی قسەیان بۆ رۆژهەڵات نیوز کردووە، پێیانوایە سەڵەفییەکان بە پشتیوانی رژێم پشتیوانی مەلا ساڵەکانن، خەڵکی نەخوێندەواریش لێیان کۆدەبێتەوە، یەکێک لەهۆکارەکانیش بۆ کەشی سوشیاڵ میدیای باشووری کوردستان دەگێرنەوە، کە وتاری مەلاگەلێکی وەکوو مەلا ساڵە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاودەکەنەوە. لەکاتێکدا کەمتر باسی ماموستا ئاینییە خۆشفکر و نیشتمانپەروەرەکان دەکەن و، رژێمیش ئیمتیازێکی زۆر بەو مەلا سەڵەفیانە دەدات و لەبەرامبەردا گوشار و هەڕەشە لە ماموستا نیشتمانپەروەرەکان دەکات.