کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ناسڕاو بە کەنەکە کۆنگرەی نائاسایی خۆی بەرێوەبرد و رێڤەبەرایەتی نوێی خۆی هەڵبژارد، لەکۆی ٢٣ ئەندامی بەرێڤەبەری نوێ تەنیا ٤ کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەر چواریشیان نزیک لە تەڤگەرن. رۆژانی شەممە و یەکشەممە ٣ و ٤ی جۆزەران کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ناسراو بە کەنەکە کۆنگرەی نائاسایی خۆی بەرێوەبرد، ئەو کۆنگرەیە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە کۆنگرەی دوازدەیەمی خۆیدا دێت. لە ٢٣یەمین کۆنگرەی کەنەکە-دا کە لە وڵاتی هۆڵەند بەرێوەچوو، ژمارەیەک لە پارت و رێکخراوی سیاسیی سەر یان نزیک بە تەڤگەری کۆما جڤاکی کوردستان و ژمارەیەک کەسایەتی دیکەش بەشدار بوون. لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەکەدا وەبیرهێنانەوەیەک بۆ رەزا ئاڵتوون و عەلی حەیدەر قەیتان دوو کەسایەتی پەکەکە و عەبدوڵرەحمان حاجی ئەحمەدی هاوسەرۆکی پێشووی پژاک کرا. هاوکات بەشی زۆری باس و خواستەکانی هەردوو رۆژی کۆنگرەکە بۆ لێکدانەوە بۆ داخوازییەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان تەرخانکرا. لە راپۆرتی ئەحمەد قەرەموس و زەینەب موراد هاوسەرۆکانی کەنەکەدا باس لە گرنگی پەیامی ئۆجەلان کرابوو، هەربۆیە داوایان لەگەلی کورد کرد کە خاوەندارییەتی لەو قۆناغە بکەن. لەرۆژی دووەم و کۆتایی کۆنگرەی کەنەکەدا زەینەب موراد و ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکان پێشوو، بۆ جاری سێیەم بە هاوسەرۆکی کەنەکە هەڵبژێدرانەوە، هاوکات ٢٣ کەسیش وەکوو ئەندامانی رێڤەبەری نوێ هەڵبژێدران. لەو ٢٣ کەسە تەنیا چوار کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن کە ناوەکانیان بۆ رۆژهەڵات نیوز یەکلایی بووەتەوە. ئەو پێنج کەسەش بریتین لە ئیبراهیم عەلیپوور، سەعید سەنەندەجی، رۆژین موکریان، دیمەن سۆهرابی. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ناسراو بە کەنەکە لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئامێستێردامی وڵاتی هۆڵەند دامەزرا، کۆنگرەکە ئەگەرچی لە بنەمادا بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی دامەزراوە، بەڵام تاکوو ئێستا نەیتوانیوە هاوپەیوەندییەکی ئەوتۆ دروست بکات و هەر وەکوو لەدوا کۆنگرەشدا دەرکەوتووە کە کەمترین بەشداری رێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی چوارپارچەی کوردستانی تێدا کراوەو زۆربەی رێکخراوەو کەسایەتییەکانی بەشدار، نزیک یان سەر بە کۆما جڤاکی کوردستان و تەڤگەری ئاپۆیی بوون.