11 . جۆزەردان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئەمیر کەریمی: لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، لەرۆژهەڵات بەهێزتر دەبین

ئەمیر کەریمی: لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، لەرۆژهەڵات بەهێزتر دەبین
29 . گوڵان . 2725

ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پژاک لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەنالی ئاریەن تیڤی زمانحاڵی حیزبەکەی باسی لە تێروانین و چارەنووسی پژاک لەدوای دوا کۆنگرەی پەکەکە دەکات، کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پژاک سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران وتی: بەڵێنەکانی مەسعوود پزیشکیان هەر لە قسەدا ماونەتەوە، هیچ هەنگاوێکی بۆ نەهاویشتراوە." بەوتەی کەریمی ئەگەرچی سەرەتا پزیشکیان باسی لە هەندێک گۆرانکاری کردبوو، بەڵام تاکوو ئێستا دەرکەوتووە کە ئەو رژێمە نایهەوێ گۆرانکاری بکات.
بە بۆچوونی هاوسەرۆکی پژاک جگە لەو باسانەی سەرۆککۆماری ئێران باسی دەکرد، کورد ئیرادەی سیاسیی خۆی دەوێ، دەیهەوێ بەشداری سیاسیی بکات و ناسنامەکان دەیانهەوێ رەنگی خۆیان هەبێت و سیستەمی سەرکوتکاریش دەبێ وەڵا بنرێت.

ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وتی: ئێمە وەکوو قۆناغێکی ئیجابی و ئەرێنی دەیبینین. ئەوەی رێبەر ئاپۆ باسی دەکات، بەکرداریکردنی تیۆرییەکانییەتی بۆ درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بۆ چارەسەری پرسی کوردە."
بەرای کەریمی پێشتریش رێبەر ئاپۆ ئەو هەنگاوانەی هاویشتووە، بەڵام هەنگاوەکانی ئێستای بەهۆی هەڵومەرجی جیهانی و ناوچەیی رادیکاڵترن.

بەبۆچوونی هاوسەرۆکی پژاک هەنگاوەکانی رێبەر ئاپۆ تەنیا پرۆژەی چارەسەریی و کردارییە. بە باوەری ئەو: "تەنیا چارەسەر هەنگاوەکانی رێبەر ئاپۆیە، چوونکە کێشەی کورد وەکوو گرێ کوێرەی سەدەی بیستەم ماوەو کوشتارێکی زۆری کوردەکان کراوە و، کورد لەبەرامبەر سیاسەتی ئینکار خەباتی چەکداری دەست پێکردووە، ئەوکات رەوا بوو و دەستکەوتی زۆر باشیشی هەبوو، بەڵام ئێستا سیاسەتی ئینکار کۆتایی پێهاتووەو دەبێ کورد لە بواری سیاسیی و یاسایی بەشداری هەبێت و ئەوەیە کە رێبەر ئاپۆ ئەو دەرگایانە دەکاتەوە."

ئەمیر کەریمی لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەدا دەڵێ:" بانگەوازی رێبەر ئاپۆ زۆر زۆر گرنگە، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکان نیە، بەشێکی زۆری ئەو پەیامە روو لە حەرەکەتی ئازادیخوازی کوردە، پێویستە سیاسەتی کورد بۆ سەدەی داهاتوو گۆرانکاری بکات. ئەگەر کاتێک چەک بۆ هەبوون و پاراستن ئامرازی سەرەکی بوو، ئێستا چەک ناتوانێ بۆ سیاسەتی دیموکراتی کاریگەری هەبێت و ئەو قۆناغە ئامرازی خۆی پێویستە."

سەبارەت بە بۆچوون و چارەنووسی پارتی ژیانی ئازاد پژاکیش، ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی ئەو حیزبە رایگەیاند:" ئەو پرسیارە زۆر دەکرێت، پەکەکە لەسەر بانگەوازی رێبەر ئاپۆ بڕیاری مێژوویی خۆیداوەو خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوە بڕیاری پەکەکەیە، بڕیاری پژاک هەندێک جیاوازە، ئێمە نە چەک دادەنێین و نە خۆمان فەسخ دەکەین. بەڵام ئەوەی رێبەر ئاپۆ وەکوو گۆرانکاری دایناوە، ستراتیژی خودی پژاکیش بووە، ئەگەر سەیری ئەساسنامەی پژاک بکەین، ئەویش داوای چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد دەکات و خالیشمان بۆ دیاریکردووەو ئێستاش پێداگری لەسەر دەکەین."

ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پژاک باسی لەوەش کردووە، کە پژاک بنەمای ستراتیژییەکەی لەسەر خەباتی چەکداری رزگاری نەتەوەیی کلاسیک نیە، بەڵکوو پاراستنی رەوایە. بەبۆچوونی کەریمی پرسی کورد دەبێ بچێتە ناو سیاسەت و لەتووندوتیژی دەربکەوێت. کەریمی وتی:" نابێ کە باسی مافی کورد دەکەین، چەکدار رووبەروومان بوەستێتەوە، ئەوکات ئێمەش ناچارین چەک هەڵگرین."

کەریمی هاوسەرۆکی پژاک وتیشی کە سیاسەتی ئێمە ئەوە نیە بۆ ئامانجە سیاسییەکانمان لەشکەرکێشی سیاسی بکەین، لە ساڵی ٢٠١١یش ئاگەربەستمان راگەیاندووە. ئەو دەڵێ:" ستراتیژی پژاک لەسەر بنەمای فەڵسەفەی رێبەر ئاپۆ، ئەوە نیە کە دەسەڵاتێکی سیاسیی بروخێنین و خۆمان دەسەڵات بگرینە دەست، بەڵکوو دەمانەوێ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دروستبکەین، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە خۆی خۆی بەرێوەببات."

هاوسەرۆکی پژاک لەبەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا وتی:"بنەمای سیاسەتی ئێمە ژیانی هاوبەش لەگەڵ گەلانە، لە ئێرانێکی دیموکراتیکدا. ئێمە لەپێناسەکردنی ئەو ئێرانەدا خۆمان دەخیلین، لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافی گەلەکەمان لەگەڵ گەلەکانی دیکە بژین. هەر ئەو شتانەیە کە رێبەر ئاپۆ هەنگاوی پراکتیکی بۆ دەهاوێت. هەر بۆیە بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە شۆک نیە، ئێمە بەپێی ئەو بانگەوازە لەپێناو چارەسەری دیموکراتی گەلی کورد ئامادەین هەر جۆرە گفتوگۆو دانووستاندن بکەین."

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان ئەمیر کەریمی ئاماژەی بەوە دا: "لەو باوەرەداین بەگشتی حەرەکەتی ئازادیخوازی گەلی کورد بەهێزتر دەکات، هەر هەنگاوێکی رێبەر ئاپۆ دەیهێنێتەوە، کەسانێک کە لێی تێناگەن موخالفەت ئەنجام دەدەن. پێشتریش کە داوای ئاشتی کراوە، موخالیفەت کراوە، ئەوکاتیش بزوتنەوەی ئێمە بەهێزتر بوو."

بەبۆچوونی کەریمی ئەگەر پرێسپێکتیڤی ئۆجەلان بە بنەما وەربگرین، پژاک و بزاڤەکە لەئێران بەهێزتر دەبێت. و دەتوانین بزاڤێکی دیموکراتیک لەئێران بەگوڕتر بکەین.
ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پژاک وتیشی:" ئەگەر دەرگاکان لە تورکیا بکرێنەوە، ئێرانیش ناتوانێ خۆ لەبەرامبەر خۆراگریی گەلی کورد بگرێت و پێموایە ئەگەر کرانەوەکە لە تورکیا سەر بگرێت، کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە دادەنێت."

هاوسەرۆکی پژاک لە کۆتایی دیمانەکەیدا بانگەوازێکیشی بۆ ئێران هەبوو، ئەو وتی:" بانگەوازمان بۆ سەر ئێران ئەوەیە، چ کەسێک دەستی چارەسەری بۆ کورد درێژ بکات، ئەو بڕاوەیە. ئەگەر زەمینەی دیموکراتی بۆ چارەسەر هەبێت، نەک هەر پژاک و بەڵکوو هەموو بزاڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەن."