11 . جۆزەردان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

هاواری کەمپەینی نا بۆ کانزای تەڵای سەقز

هاواری کەمپەینی نا بۆ کانزای تەڵای سەقز
28 . گوڵان . 2725

لەرۆژهەڵاتی کوردستان و بەدیاریکراوی لە شاری سەقز هەڵمەتێک لەدژی کانزای زێر (تەڵا)ی سەقز لەژێر ناوی بەناوی گەشەو بەتامی کاوڵکاری راگەیاندراوەو ژینگەپارێزان دەڵێن ئەو کانزایە زیانێکی یەکجار زۆری بۆ ژینگەی ناوچەکە دەبێت.

هەفتەی رابردوو ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز هەڵمەتێکی بەرفراوانی کۆکردنەوەی واژۆیان لەدژی کانزای زێری ئەو شارە دەستپێکرد، ئەوان بە هەزاران واژۆیان کۆکردووەتەوە، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و رای گشتی لەهەمبەر زیانە ژینگەییەکانی کانزاکانی زێری کوردستان و سەقز بەتایبەتی ئاگادار بکەنەوە.
ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز جگە لە کۆکردنەوەی واژۆ چەندین هەڵمەتی هۆشیاریان دەستپێکردووەو ژینگەپارێزو چاڵاک و پسپۆرانی ژینگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوازی جیاواز زیانی کانزاکانی زێر بۆ سەر ژینگەی کوردستان بڵاودەکەنەوە.

سەبارەت بە زیانی کانزای زێر بۆ سەر ژینگە، ژینگەپارێزەرانی ژیانی سەوز زیانی ئەو کانزایانە بەمشێوەیە پۆلێن بەندی دەکەن:
١- پیسکردنی سەرچاوی ئاوی زەرینەرود
٢- پیسکردنی خاکی دەورووبەری زەرینەرود
٣- پیسکردنی هەوای دەورووبەری زەرینەرود
٤- کەمکردنی ئاستی ئاو و خاکی ناوچەکە
٥- زیادکردنی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی لەناو خەڵکدا
٦- لەناوبردن یان کەمکردنی جۆری گیایی و زیندەوەرەکانی ناوچەکە
٧- قەیرانی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی هەژاری و کۆچی جیلەکانی داهاتوو.

ژینگەپارێزان دەڵێن لەئێستادا پانتاییەکی ٢٠٠ کیلۆمەتری لە سەقزەوە هەتا پیرانشار ئیمکانی لێدانی کانزای زێری تێدایەو ئەوەش وادەکات بەو پانتاییە گەورەیە هەوڵی لێدانی کانگاو کانزا لەلایەن کەرتی حکومەت و تایبەت لێبدرێت و ئەوەش کارەساتەکە گەورەتر دەکات.

هاوکات بەپێی بەدواداچوونی پسپۆرانی رێکخراوە ژینگەپارێزەکان کانزای زێری زەڕەوشان، ئاق دەرەو سەقز کاریگەری لەسەر ژیانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دادەنێت و راستەوخۆش سەرچاوەی ئاوی بۆکان، سەقز پیس دەکات و دەبێتە هۆی چەندین جۆر نەخۆشی.

یەکێکیتر لە زیانە گەورەکانی ئەو کانزایانە بەفیرۆدانی ئاوە، بۆ هەر یەک گرەم زێر پێویستی بە زیاتر لە ٣٠٠ لیتر ئاو هەیە. هەر لە قۆناغی یەکەمی کانزای زێری سەقز پێویستی بە ١٦٥ ملیۆن لیتر ئاو هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە کوردستان و ئێران لەقەیرانێکی گەورەو هەستپێکراوی کەمی ئاو دایە.

ئەو هۆکارانەو دەیان هۆکاری دیکە وایکردووە چاڵاکوانانی کوردستان بە پێشەنگی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لەدژی ئەو کانزایانە راگەیاندووە، ئەوان دەڵێن لەپێناو زێر و سەرمایەیەک کە هیچ قازانجێکی ئابووری بۆ کوردستان نیە، خەریکە ژینگەی ئێستا و داهاتووی کوردستان وێران دەکرێت.