11 . جۆزەردان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ترەمپ و شەرع لە عەرەبستان کۆبوونەوە

ترەمپ و شەرع لە عەرەبستان کۆبوونەوە
24 . گوڵان . 2725

دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ریازی پایتەختی عەرەبستان چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی حاکم بە سوریا کەوت و بەنێوەندگیری محەمەد بن سەڵمان سەرجەم گەمارۆکانی سەر سوریای لابرد.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بەسەردانێکی چەند رۆژە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستە، سەردانەکەی بە عەرەبستان دەستپێکرد و لەوێ پێشوازییەکی گەورەی لەلایەن محەمەد بن سەڵمان جێنشینی ئەو وڵاتە لێکرا. لەکۆنفرانسێکی هاوبەشی ئابووری ئەمریکا و عەرەبستان محەمەد بن سەڵمان رایگەیاند ٦٠٠ میلیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکەن و لە قۆناغی دووەمیشدا وەبەرهێنانی نێوان هەردوو وڵات بۆ یەک تریلیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە.

یەکێک لەرووداوە گرنگەکانی ئەو سەردانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودیە کۆبوونەوەی سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا بوو. لەو کۆبوونەوەیەدا دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا سەرجەم گەمارۆکانی وڵاتەکەی بۆ سەر سوریا لابدات.
هاوکات هەواڵدەری رۆیتەرز ئاشکرایکرد کە دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە، بچێتە ناو پەیمانی ئابراهام لەگەڵ ئیسرائیل، هاوکات دوای لێکردووە بەرپرسیارییەتی داعشییەکانی ناو بەندیخانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بگرێتە ئەستۆ و، بۆ دروستکردنی سوریایەکی دیموکرات کە سەقامگیری پارێزراو بێت، هەوڵ بدات.

بڵاوبوونەوەی وێنەکانی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع کاردانەوەی زۆری نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. چوونکە هەتا ساڵێک بەر لە ئێستا ئەحمەد شەرعی ئێستا و محەمەد جەولانی ئەوکات و تەحریر شام لەلایەن ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوایی وەکوو گروپێکی تیرۆریستی هاوتای داعش سەیر دەکران. بەڵام دوای ئەوەی بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو و لەماوەیەکی زۆر کەمدا توانیان بگەنە دیمەشق و حکومەتی بەشار ئەسەد بڕوخێنن، ئاراستەکانیش بەرامبەریان گۆرانکاریان بەسەردا هات.