23 . گوڵان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

خەتەر، مافیا و ڕاپەرو لەوانەش گرنگتر زۆر کوردستانی بوو

خەتەر، مافیا و ڕاپەرو لەوانەش گرنگتر زۆر کوردستانی بوو
21 . گوڵان . 2725

ئامادەکردنی: رۆژهەڵات نیوز

دایک و باوکی خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، بۆ خۆی ساڵی ١٩٨١ لە نەخۆشخانەی قاڵوێ لەدایک دەبێت. ئیقباڵ حاجبی باوکی ماموستایەکی بەناوبانگی موسیقای شاری سنە و کوردستان بوو، هەر زوو بەهۆی کاری سیاسیی لە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناچاری روو لە باشووری کوردستان دەکەن. باوکی لە گروپێکی موسیقای ناو شۆرش لە هەرە بەرچاوەکان بوو.

ژیوار حاجبی لەمنداڵی نەک خەتەر نەبوو، بەڵکوو خۆی وتەنی زۆریش هەژار بوو. ئەوکاتەی ئاودیوی باشووری کوردستان دەبن، دواتر لە سەماوەی عێراق دەستبەسەر دەکرێن، خۆی دەڵێ سێ مانگ بەمنداڵی لەناخۆشترین شوێن بووە، زیندانێکی گەورەو پیس کە سەدان ژن و پیاو و منداڵ لە ژوورێکدا دەمانەوە کە تەنانەت توالێتیشی نەبوو.
ماموستا ئیقباڵی باوکی و خێزانەکەی روو لە وڵاتی ئاڵمان دەکەن، لەوێش دایک و باوکی ژیوار خەریکی خوێندن و کاری هونەری دەبن. ئەوانیش خەونیان ئەوە دەبێ کە ژیواری کوڕیشیان ژیانێکی ئارامی هەبێت و ئەوەی لە سەماوەی عێراق بەسەریان هاتووە لەبیری بکات. هەوڵێکی زۆر دەدەن ژیوار بخوێنێت و ژیانێکی ئاسایی بکات.
ژیوار حاجبی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ هەموو شتێک لەو گەرەکەوە دەستیپێکرد کە لەشاری کۆڵنی ئاڵمان لێی دەژیان.

دەیوت لەو گەرەکە شەڕی زۆر دەکرا، خەراپەکاری زۆری لێبوو، ئەمنیش گەنجێکی تازەپێگەیشتوو بووم، هەربۆیە کاریگەری لەسەر منیش دانا. شتێکی دیکەش ژیواری ئازار دەدا، ئەو لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بە کەناڵی رووداوی وتبوو، باوک و دایکم ناوبانگی باشیان هەبوو، خوێنەوار بوون، هونەرمەند بوون، بەڵام پول و پارەیان نەبوو. ئەمن دەمەویست پولیشم هەبێ.

ژیوار لەتەمەنی ١٤ ساڵییەوە دەچێتە ناو باندگەرێکی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر، خۆی دەڵێ هەر لەو کاتەوە بەردەوام بۆ مانگ، دوو مانگ و سێ مانگ لەزیندان بووە، هەر گیراوەو ئازاد کراوەو دەستیپێکردووەتەوە. ژیوار حاجبی ١٧ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی کاری مافیایی دەبێتە مانشێتی رۆژنامەکانی ئاڵمان. لە ساڵی ٢٠٠٩یش بەهۆی کارێکی مافیایی کە بە بادن-ڤورتمبێرگ بەناو بانگە، لەئاستی هەموو ئورووپا دەناسرێت.

هەر لەهەمان ساڵدا بەهۆی کارێکی مافیایی لە لودڤیگسبورگ کە زرێپۆشێکی پڕ لەئاڵتوون چەک دەکرێت و ئاڵتوونەکە دەبردرێت، لە پۆلیستی ئینترپۆڵ داوا دەکرێت، ژیوار بەو دزییە گەورەیە تۆمەتبار دەکرێت. ئەوکات رۆژنامەکان وتیان ١٢٠ کیلۆ ئاڵتوون بە بڕی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار یۆرۆ بڕدیراوە، بەڵام هێشتاش دادگا و پۆلیس ئەو ئاڵتوونەیان پێ نەدۆزراوەتەوەو بۆشیان ساغ نەبووەتەوە.

ژیوار حاجبی کە لەلایەن پۆلیسی ئینترپۆڵ داواکرابوو، لەرێگەی مۆسکۆوە بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان دەچێت و دواتر لە سلێمانی دەستبەسەر دەکرێت. دوای سێ مانگ رادەستی ئاڵمان کرایەوەو ساڵی ٢٠١١ سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دوای سێ ساڵ ئازاد کرا.
ئیتر دوای ئازادبوونی، ژیوار حاجبی یەکجار بەناو بانگ ببوو، لە ئاڵمان، ئوروپا و کوردستان بەباشی دەیانناسی، هەر ئەو ناوبانگەی بۆ کاری هونەرییەکانی بەکاردەهێنێت و ئەمجارە بەجیدی و بەردەوام روو لە موسیقای راپ دەکات و دەبێتە راپەرێکی بەناوبانگی کوردستان و ئاڵمان.

ژیوار ئیتر لەمەو بەدوا ناوبانگی خەتەری دەبێت، ناوی هونەری راپەرێکی کورد کە ئیتر ئێستا ناوبانگێکی جیهانی هەیە، پێشتر خەتەر دوو ئاڵبۆمی بەناوەکانی ٤١٥ و گۆرانییەکی بەناوی ئینتێرپۆل دات کامی بڵاوکردبوویەوە. دوای ئازادبوونیشی سێ ئەڵبۆمی دیکەی بڵاوکردەوە کە یەکیان بەناوی ئەڵبۆمی "Baba aller Babas" لەئاستی ئاڵمان لە چارتە یەکەمەکان بوو. زۆربەی ئەڵبۆمەکانی فرۆشێکی یەکجار زۆری هەبوو، ساڵی ٢٠٢٢ خەڵاتی HipoHop.ne Awardی وەکوو کاریگەرترین ڕاپەری ئەڵمان پێ بەخشرا.

خەتەر ساڵی ٢٠١٥ بیرەوەرییەکانی خۆی بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکردەوە، لەساڵی ٢٠٢٢یشدا ژیاننامەکەی لەلایەن فاتیح ئاکینی دەرهێنەری ئەڵمانی کرایە فیلم و فیلمی "راینگۆڵد"یش پێشوازییەکی زۆری لێکرا. بەرادەیەک پێشەوازی لێکرا، لەهەفتەی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ١٧٠ هەزار بینەری هەبوو.

خەتەر لەرووی بازرگانی خاوەنی چەندین بزینس و ریستۆرانت و کۆگای گەورە بوو، هاوکات وەکوو هونەرمەند راپەرێکی دیاری ئاڵمان بوو، بەڵام لە هەموو ئەوانە گرنگتر کوردبوونی خەتەر بوو، لەرێگەی کارە هونەرییەکانی هەتا رادەیەکی زۆر کوردستان و ئاڵای کوردستانی بە جیلی نوێی کورد و غەیرە کوردی دیاسپۆرا ناساند. هاوکارییەکی زۆری کوردەکانی دەکرد، ساڵانەش بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستانی دەکردەوە.

ئەگەرچی تاکوو ئێستا پۆلیسی ئاڵمان هۆکاری گیان لەدەستدانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ژیار حاجبی کێشی زیادیکردبوو، پزیشکەکانی هۆشداریان پێدابوو کە ئەگەر کێشی دانەبەزێ دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ.