11 . گوڵان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

تەنیا رۆژهەڵات بانگهێشتی کۆنفرانسی یەکریزی رۆژئاوا نەکرا

تەنیا رۆژهەڵات بانگهێشتی کۆنفرانسی یەکریزی رۆژئاوا نەکرا
6 . گوڵان . 2725

لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لەرۆژئاوای کوردستان تەنیا لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت کەسایەتییە سەربەخۆکان بانگهێشت نەکرابوون، تەنانەت خوێندنەوەی پەیامی کۆنگرەی نەتەوەی کورد ناسراو بە کەنەکەش بە رۆژهەڵاتییەکان نەدرا.

سەر لەبەیانی ئەمرۆ شەممە ٦ی بانەمەڕ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەرێوەچوو. فەوزا یوسفی بەرپرسی راگەیاندنی کۆنفرانسەکە رایگەیاند، چوارسەد کەس بە نوێنەرایەتی نزیکەی ٥٠ پارتی سیاسیی لەکۆنفرانسی یەکریزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەشداریان کردووە.

کۆنفرانسەکە لەقۆناغی ئێستادا بۆ یەکریزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان گرنگەو لەکۆتایی کۆنفرانسەکەشدا بڕیاردرا کە لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت پەیەدەو ئەنەکەسە بەیەکەوە شاندێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق پێکبهێنن.

بەشداربووان و بەتایبەت لەوتارەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان، باس لەوەکرا کە هەموو پارچەکانی کوردستان لەکۆنفرانسەکەدا بەشدارن. بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز هیچ لایەنێکی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگێشت نەکراوەو تەنانەت لەخوێندنەوەی وتارەکانیشدا هیچ رۆژهەڵاتییەک تەنانەت ئەوانەی نزیگ لە تەڤگەریش دەرفەتیان پێ نەدراوە.

سێ سەرچاوەی ئاگادار لە سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە رۆژهەڵات نیوزیان راگەیاند کە بۆ کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بانگێشت نەکراون.
بانگهێشت نەکرانی لایەنە سیاسیی و کەسایەتییەکان لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتێکدایە، جگە لە پەیامی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەو پەیامەدا وەفدی باشوور و باکووری کوردستان بەشداربوون. هاوکات پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (باشووری کوردستان)، کۆما جڤاکی کوردستان (باکووری کوردستان)، بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (باشووری کوردستان)، دەم پارتی و بەدەپە دیسان لەباکووری کوردستان خوێندرایەوە.

بەپێی بەدواداچوونی رۆژهەڵات نیوز، مەبەستی بەرێوەبەرانی ئەو کۆنفرانسە لە بەشداری هەموو پارچەکان ئەوەیە کە نوێنەری رێکخراوی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) لەوێ بووە. کەنەکە رێکخراوەیەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەیەو زۆربەی رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لەوێ بەشدار نین، بەڵام کەسانێکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە یان سەر بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاکن یان سەربەخۆن لەو ناو کەنەکەدا هەن. لەگەڵ ئەوەش لەکۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان پەیامی رێکخراوی کەنەکەش بە کەسێکی رۆژهەڵاتی نەدرا و خاتوونێکی باکووری کوردستان خوێندییەوە.

سەبارەت بەهۆکاری بەشدارنەبوونی پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لوقمان ئەحمەد ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، ئەوان هەوڵی ئەوەیان داوە هەموو دەنگ و رەنگەکانی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بن. روونیشیکردەوە کە لەمێژە ئامادە کاری بۆ کۆنفرانسەکە دەکەن و وەفدێکی هاوبەشی هەردوولا (پەیەدە، ئەنەکەسە) و ئیدارەی خۆسەری پێکهاتبوو، بۆ ئەوەی بانگهێشتی میوانەکان بکات و پەیامەکانیش دەستنیشان بکات. لوقمان ئەحمەد ئاماژەشی بەوەدا کە کۆنفرانسەکە بۆ دروستکردنی یەکریزیی کوردەکان لەرۆژئاوای کوردستانە بۆ ئەوەی بەسەرکەوتوویی لەو قۆناغە هەستیارەدا دەربازبن.

جێگەی ئاماژەپێدانە، دوو مانگ بەر لەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بڵاوبکرێتەوە، وەفدێکی دەم پارتی سەردانی زۆربەی پارتە سیاسییەکانی باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستانیان کرد و پرس و رای ئەوانیان لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان وەرگرت، بەڵام ئەوکاتیش هیچ پرس و رایەک و سەردانێکی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرا.